بولەنت ئارنج: ئەكەری دووبارەبوونەوەی چەندین رۆبۆسكی لە ئارادایە

ئەنقەرە- KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بولەنت ئارنج لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی پرسی داخستنی كەیسی رۆبۆسكی كرد و گوتی: دەبێ لایەنی پەیوەندیداری ئەو كەیسە كە دادگاكانی توركیان ئەركی خۆیان بە باشی جێبەجێ بكەن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا بولەنت ئارنج لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بێجگە لە باس كردن لە بارەی كەیسی رۆبۆسكییەوە باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی ئاشتەوایی لە توركیا كردووە و رایگەیاندووە كە حكوومەتی توركیا لە سەر داواكاری گەلی توركیاو بە ئیرادەی خۆی دەستی بە قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی كردووە.
ئارنج جەختی لەوە كردووەتەوە كە حكوومەت سورە لە سەر سەرخستنی قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی، چونكە ئەگەر قۆناغی چارەسەری و پرۆسەی ئاشتی سەر نەكەون ئەوا لە توركیا چەندین رووداوی دڵتەزێنی دیكە وەكو رووداوەكەی رۆبۆسكی دووبارە دەبنەوە.




