لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان هاوڕابوون بۆ بەردەوامبوونی گفتوگۆكان

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەیەك تایبەت لەنێوان سەرۆك و نوێنەرانی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.
لەراگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژە دراوە بە بەشێك لە ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ كە تیایدا هاتووە: ئەمڕۆ سەرۆك و نوێنەری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، كۆبوونەوەی خۆیان لە تەلاری پەرلەمان گرێدا بە مەبەستی گفتوگۆكردن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر دواكەوتنی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی و راسپاردنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كە بێگومان ئەمە بوەتە هۆی قوڵ بوونەوەی زیاتری كێشەكان و كاریگەریی كردۆتە سەر باری بژێویی هاوڵاتیان".
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە"فراكسیۆنەكان پاش گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لەسەر بارودۆخی ئێستای هەرێم و هەڵسەنگاندنی هەل و مەرجەكان و چاوەڕوانیی جەماوەر بۆ دەستبەكاربوونی ئەندامانی پەرلەمان وەك نوێنەرانی متمانە پێدراوی خەڵك، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پێویستە پەلە بكرێت لە بە ئاكام گەیاندنی دانوستانەكان و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەی حكوومەت و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و كۆتایی هێنان بە دواكەوتنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و، بە هەڵپەسێردراوی هێشتنەوەی دۆخی سیاسی و ئابووری كوردستان.هەروەها فراكسیۆنەكان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كە كۆبوونەوەی فراكسیۆنەكان بەردەوام بێت بۆ گفتوگۆ و بیرو ڕا گۆڕینەوە لەسەر ئەركە هەنوكەیی و پێویستەكانی كۆبوونەوەكانی داهاتووی پەرلەمان وەك كارئاسانییەك بۆ ئەركەكانی و، بەدواداچونی كێشە و پێویستییەكانی هاوڵاتیان".




