ئەشواق جاف: پەرلەمان ئاڵوگۆڕی حوكمدراوەكانی ئێران و عێراقی پەسەند كرد

بهغدا - تایبهت بهKDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پرۆژە یاسای ئاڵوگۆڕی حومكدراوەكانی نێوان عێراق و ئێرانی پەسەند كرد و ئاڵگۆڕی زیندانیی عێراق و سعودییە دەنگی نەهێنا.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەهاوپەیمانی كوردستانی ئەشواق جاف بەKDP.infoی راگەیاند: ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژە یاسای ئاڵگۆڕی حوكمدراوای نێوان عێراق و ئێرانی پەسەند كرد، پرۆژە یاسای ئاڵوگۆڕی زیندانیانی حوكمدراوی نێوان عێراق – سعودییەی دەنگیدا بەپەسەند نەكردنی.
ئەوەشی گوت، دوای ئەوەی پرۆژە یاساكە لەپەرلەمانەوە دەچێتە سەرۆكایەتی كۆمار و لەوێ پەسەند كرا لەرۆژنامەی وەقائیعدا بڵاو دەكرێتەوە و حكوومەتی ناوەندی پابەندە بەوەی رێكەوتنەكە پەسەند بكات و ئاڵوگۆڕی زیندانیانی حوكمدراوی هەردوو وڵاتەوە.
باسی لەوەش كرد، پرۆژە یاسای ئاڵوگۆڕی زیندانیانی حوكمدراوی نێوان عێراق و ئێران لە24ی نیسانی 2011 لەشاری تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران لەنێوان هەردوولا پەسەندكراوە.
جەختی كردەوە كە بەو هۆیەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساكە دواكەوتبوو نووسراوێكم ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كرد لەرێی لیژنەی مافی مرۆڤەوە، لەرێی نووسراوێكی دیكەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی 7ی كانوونی دووەمی 2014 خوێندنەوەی دووەمی بۆ كرا.
باسی لەوەش كرد، لەسەر داوای ئەو زیندانییە ئێرانیانەی لەگرتووخانەی مەعەسكەر سەلامی شاری سلێمانی ئەویش دوای مانگرتنیان بۆ ئەوەی پرۆژە یاسای ئاڵوگۆڕی زیندانیانی حوكمدراوی عێراق و ئێران پەسەند بكرێ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، كەلەقۆناغی یەكەمدا لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە رەتكرایەوە، ئێمەش لە وەرزی پێشوودا خستمانە خشتەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا.




