لیژنەی چاودێریی نرخی كاڵاكان هۆشداری دەداتە بازرگانان

قایمقایمی ناوەندی شاری هەولێر بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاندووە: كە لیژنەیەكی چاودێری پێك هێندراوە بۆ ئەوەی چاودێریی نرخەكانی بازاڕ بكات و هەر بازرگان و فرۆشیارێك سەرپێچی بكات، سزا دەدرێت.
لە مانگی ڕەمەزاندا، ئەگەر لە بازاڕی شێخەڵڵاوە تا پردی سەیداوە بە پێ بڕۆێت، زیاتر لە نیو سەعات كاتت گەرەكە، چونكە خەڵكێكی زۆر بۆ كڕینی كەلوپەل ڕوویان لە بازاڕ كردووە بە تایبەت كەلوپەلی خۆراك، كە ئەمەیش دەبێتە هۆی باشبوونی جموجۆڵی ئابووری و بازاڕی وڵاتە ئیسلامییەكان.
هاووڵاتییان، نیگەرانن لەوەی دوو ڕۆژ پێش ئەوەی مانگی ڕەمەزان بێت، نرخی هەندێك لە شتومەكەكان گران بووە.ئاری ئیسماعیل، كە لە نێو بازاڕدا سەرقاڵی شتكڕین بوو، ئەوەی خستە ڕوو، كە هەفتەیەك پێشوو فەردەی برنج بە 13 هەزار دینار بوو، بەڵام بە هۆی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە، بووەتە 16 هەزار دینار.
د. خالید محەممەد كە ئابووریناسێكی دیكەیە، دەڵێت: ئابووریی بازاڕ بریتی نییە لە ئازادییەكی ڕەها و بێپرەنسیپ و دیسپلین، پێویستە ئازادیی بازرگانی لەناو چوارچێوەی ئابووریی بازاڕدا ڕێك بخرێت و كۆنتڕۆڵ بكرێت، لەمەیشدا پێویستیمان بە دامەزراوەی ئابووریی نوێ هەیە كە توانای داڕشتنەوەی پلانی ئابووری و جێبەجێكردنی هەبێت.
هاوكات دامەزراوەی چاودێریشمان پێویستە تا ڕاستی و دروستیی بەرنامە ئابوورییەكە چاودێری بكات و بە شێوەیەك ئاڕاستەی بكات، كە لە ڕێڕەوی سرووشتیی خۆی دەرنەچێت.
هەر لەمبارەیەوە پسپۆڕ و شارەزای بواری كۆمەڵناسی، د. كەریم مستەفا سەبارەت بە شوێنەوارەكانی ئەم دیاردەیە بۆسەر بواری كۆمەڵایەتی، گوتی: نرخ و هەڵاوسان و چوونەسەری نرخ و بەهای پێداویستییە سەرەكییەكانی خۆراك و پۆشاك و تەندروستی و هاتوچۆ و بەهای زۆر لە پێداویستییەكانی دیكەی ژیان، بارگرانیی لەسەر ئەو خێزان و هاووڵاتییانە دروست دەكات، كە خاوەنی داهاتێكی دیاریكراو و كەمن، بە ڕاددەیەك زۆر جار كێشە و گرفتی كۆمەڵایەتیی لێ دەكەوێتەوە، ئەویش بەو پێیەی گرفتەكانی هەژاری و كەمداهاتی ڕاستە دیاردە و گرفتێكی ئابوورین، بەڵام دەرهاوییشتەكانی بۆسەر بواری كۆمەڵایەتی زۆر توند و كاریگەرە.
ئامادەكردنی: لوقمان مستەفا




