بەر لە دەستپێكردنی ریفراندۆم چەند تەقینەوەیەك روویاندا

میسر- KDP.info/ بە گوێرەی سەرچاوە هەواڵە ناوخۆییەكانی میسر، ئەمرۆ پرۆسەی راپرسی گشتی لە سەر پرۆژە دەستووری تازەی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت و بە پێی زانیارییەكانیش، لە سەرتاپای میسر گەلی ئەو وڵاتە مافی دەنگدانیان لە سەر پرۆژە دەستووری تازەی وڵاتەكەیان هەیە و هەروەها پرۆسەكەش ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت.
هاوكات وەزارەتی ناوخۆی میسر لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، كە نزیكەی دوو هەزار ئەفسەر و پۆلیس و سەدو پەنجا لە یەكە ناوەندییەكانی ئاسایشی ناوخۆی ئەو وڵاتە لە ناوەو و دەورووبەری ئەو وێستگە و ناوەندانە بڵاو دەكرێنە كە هاووڵاتیان تێدا دەنگ لە سەر دەستووری نوێ دەدەن. پێشتریش حكوومەتی كاتی میسر بەڵێنی ئەوەدا كە بە شێوەیەكی زۆر تووند مامەڵە لەگەڵ ئەو كەس و لایەنانە دەكات كە هەوڵی تێكدان و شێواندنی پرۆسەكە بدەن.
بەر لە دەستپێكردنی پرۆسەی راپرسی گشتی لە سەر دەستووری تازەی میسر، چەند تەقیینەوەیەك لە چەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە روویدا. سەرچاوەیەكی ئەمنی ناوخۆی میسر رایگەیاند: تەقیینەوەكان لە لە ناوچەی ئەمبابەی دەورووبەری شاری قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتە روویداو بەڵام هێشتا زیانە گیانی و ماددییەكان نەزانراوە.




