بان كی مۆن: ئەوەی لە كەمپی كەورگۆسك كراوە شتێكی گەورەیە

هەولێر-KDP.info/ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە سەردانێك گەیشتە هەولێری پایتەخت و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی هەرێم پێشوازی لێكرا.
دواتریش سكرتێژی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستانی لە كەمپی كەورگۆسكی بەسەركردەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا بان كی مۆن هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەهاناوەچۆن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوا لە هەرێم بەرز نرخاند.
بان كی مون، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، دوێنێ دووشەممە گەیشتە بەغداو لەگەڵ هەریەك لە نووری مالیكی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبووەوە.
ئەجێندای سەردانەكەی بان كی مون بۆ بەغدا تاوتوێكردنی رەوشی ئەمنی و گرژییەكانی ئەمدواییەی پارێزگای ئەنبارو بارودۆخی سووریا بوو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق.
بریاریشە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە و چەند تەورێكی تایبەت بە رەوشی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ بكات.




