چەند ئامێری نوێی تەکنیکی لە فەرمانگەکانی پۆستەی ھەرێمی کوردستان بەکاردەخرێن

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ بەمەبەستی زیاتر پێشخستن و خێراکردنی کارەکانی پۆستەی ھەرێمی کوردستان، چەند ئامێری نوێی تەکنیکی لە فەرمانگەکانی پۆستەی ھەرێمی کوردستان بەکاردەخرێن.
رەسول سالح رەسول بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە لێدوانێکی تایبەتدا بە kdp.infoراگەیاند: بە مەبەستی زیاتر گرنگیدان بە بواری پۆستە و بەئامێرکردنی کارەکان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوژمەی 489ملیۆن دینار چەند ئامێرێکی تایبەت بە بەستنەوەی گشت جۆرەکانی پێچراوەکانی پۆستەی بۆ گشت فەرمانگەکانی پۆستەی ھەرێم دابینکردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتیشی: ھەر بۆ ئەم مەبەستە خولێکی مەشق و راھێنان بۆ فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتییەکانی پۆستەی (ھەولێر، سلێمانی و دھۆک، گەرمیان، راپەڕین) سازکرا بۆ بەکارھێنانی ئەم ئامێرە نوێیانە کە بۆ بەستەبەندی کردنی گشت جۆرەکانی پێچراو و نامە و کەلوپەل بە شێوەی ستانداری جیھانی و سەردەمیانە بەکاردەھێندرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد،بەشداربووانی خول دوای مەشق و راھێنان رۆلی مەشق پێکەر بە فەرمانبەرانی فەرمانگەکەیان دەبینین و خولەکە لە لایەن تەکنیککار و ئەندازیارانی بیانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت.




