لەکوردستان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) بەرز ڕادەگیرێت

هەولێر- KDP.info/ بەبۆنەی ھاتنەوەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) چەندین مەراسیمی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لەو چوارچێوەیەشدا سەر لەبانی ئەمڕۆ دووشەمم چەندین مەراسیمی ئایینی لە مزگەوتەکانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا یادی لەدایک بوونی حەزرەتی محەمەد (د.خ) بەرزراگیرا و تەئکید لەسەر ئەو گیانی پێکەوەژیان و ئاشتییە کرایەوە کە ئایینی ئیسلام بانگەزای بۆ دەکات. ھەر بەوبۆنەیەشەوە نەوازاد هادی پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی دیکەی ئەو شارە چەندین مەراسیمیان بەسەرکردەوە و وێڕای پیرۆزکردنی یادەکە رایگەیاند هەولێر وەک ناوەندێکی رووناکبیری و ئاینی گەشەکردوو لە کوردستاندا،ھەر لەسەرەتای دروست بوونیەوە، گرنگیەکی تایبەتی بەو یادە داوەو ئێستاش لەسەر ھەمان رێچکەی پیرۆزی پێشینانی خۆمان ئەو یادە پیرۆزە لە هەولێردا بەرز رادەگیرێت. پارێزگاری هەولێر ھیواشی خواست یادەکە ھاندەرێکی زیاتر بێت بۆ پابەندبوون بە قوڵکردنەوەی بەھاکانی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتەوایی و قبوڵکردنی یەکتر.




