٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مالیكی : داوای بڕینی پارەی نەوت لەبەشە بودجەی هەرێم

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ ئەمڕۆ نوری مالیكی سەرۆك وەزیران عێراق لەگەڵ سەرجەم سەرۆكی فراكسیۆنە كوردیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبوەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی كۆمەڵێك پرسی هەنوكەیی و ناكۆكیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست kdp.info  كەوتوون مالیكی لە كۆبونەوەكەدا پرسی بڕیینی پارەی نەوتی لە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان وروژاندووەو بە بیانووی ئەوەی داوای لێكراوەو دەنگی نارەزایی لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم هەیە وتەبێژی هاوپەیمانی كوردستانیش دەڵێت بڕین و كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەو بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین.

موئەیەد تەیب وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكیدا بۆkdp.infoگوتی: ئەو بەشە بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت مافی خەڵك و دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە چونكە ئەوانیش هاووڵاتی عێراقین و دەبێت مافیان وەكو سەرجەم ناوچەكانی تری وڵات پێبدرێت، ئێمە چەندین ساڵە رێككەوتووین لەسەر ئەوەی كە لە %17 ی بودجەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بێت تاوەكو ئەوكاتەی سەرژمێری گشتی دەكرێت دوای ئەوەی سەرژمێری ئەنجامدرا لەسەر ئەو بنەمایە بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت ئێمە بە كەم و زیاد رازین.

ناوبراو گوتیشی: ئێستا گرفتێك لەئارادایە كە ئەویش لەسەر هەناردەكردنی نەوتە لەهەرێمی كوردستان، بەڵام هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور دەتوانێت ئەوكارە ئەنجام بدات و حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ پێشێلكاریەكی یاسایی ئەنجام نەداوە لەمبارەیەوەو هەروەها داهاتی ئەو نەوتەش بۆ غەزێنەی دەوڵەت و عێراق دەگەڕێتەوە پاشان دابەش دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش نابێت لەسەر ناكۆكی سیاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان سزا بدرێن و بەهیچ شێوەیەك ئەوە قبوڵ ناكەین.

 سەبارەت بە هەڵوێستی لیستی هاوپەیمانی كوردستان و لیستە كوردیەكانی تری ئەنجومەنی نوێنەران لەبەرامبەر هەوڵەكانی بۆ كەمكردنەوەو بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان موئەیەد تەیب گوتی: ئێمە هەڵوێستمان پەیوەستە بە سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوان چ بڕیارێك بدەن ئێمە پەیڕەوی دەكەین .

 

هەواڵی پەیوەندیدار