٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

رێكخراوێكی مرۆیی : 370 كەس لە شارەكانی رومادی و فەلوجە بوونە قوربانی

سەرچاوە: KDP.info

ئەنبار - KDP.info/ رێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە پارێزگای ئەنبار رایگەیاند كە لە ماوەی دە رۆژی رابردوودا لە هەردوو شاری فەلوجەو رومادی ژمارەی كوژراوو بریندارەكان گەیشتۆتە 370 كەس .

رێكخراوەكە روونیشیكردەوە كە هەندێك لە دانیشتوانی ئەم دوو شارە كوژراوەكانیان لەنێو ماڵەكانی خۆیان ناشتووە، تەئكیدیشی كردەوە كە ژمارەی خێزانە ئاوارەكان لەو پارێزگایە گەیشتۆتە نزیكەی 18 هەزار خێزان .

محەمەد عەلی سەرۆكی رێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە لێدوانیچكدا رایگەیاند كە ژمارەی كوژراوان گەیشتە 73 كەس كە بیست و یەكیان منداڵ و سێزدەیان ئافرەتن، ژمارەی بریندارانیش گەیشتۆتە 297 كەس كە سەدو پەنجاو پێنج منداڵ و ئافرەتی تێدایە . روونیشیكردەوە كە ژمارەی چەكدارە كوژراوەكان دیار نییە چونكە ناگەیەندرێنە نەخۆشخانە حكومییەكان و ژمارەی كوژراوان لە نێو سوپا و كارمەندانی سەحوە دیار نییە و بێ دەنگی لەمبارەوە دەنوێنن .

راشیگەیاند كە هەندێ لە دانیشتوانی ئەم شارە بەهۆی گوللەی قەناسی چەكداران و سوپا تەرمی كوژراوان لە نێو ماڵەكانی خۆیان دەنێژن بەتایبەتی هاتوچۆكردن لەم شارە قەدەغەكراوە. بارودۆخی مرۆییش لەم شارە زۆر قورسە بە سەدەها خێزان لەناو قوتابخانەكان و خێوتگەكان نیشتەجێن . هۆشداریشیدا لە بلاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆر و داوای لە هەردوو لایەنیش كرد كە ئاگربەست رابگەیەنن بۆ ئەوەی رێكخراوە مرۆییەكان بتوانن بگەنە ئەو خێزانانە و هاوكاری و یارمەتیان پێشكەش بكەن .

محەمەد عەلی سەرۆكی رێكخراوی ئاشتی بۆ مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاند كە ژمارەی ئەوانەی لەو شارانە كۆچیان كردووە گەیشتۆتە 17 هەزارو هەشت سەدو نەوەت و شەش خێزان ئەگەریش هەیە ئەو ژمارەیە روو لە زیادبوون بكات . 

هەواڵی پەیوەندیدار