مالیكی: سەركەوتن بەسەر چەكدارانی داعش لە فەللوجە مسۆگەرە

بەغدا - KDP.info/ نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ لە وتەیەكدا لەگەڵ نزیكبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای عێراق بۆ سەر شاری فەللوجە سەركەوتنی بەسەر چەكدارانی داعشی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە دووپات كردەوە.
وەك مالیكی گوتی: هێزە سەربازییەكانی سوپای عێراق بە پلانێكی تۆكمەی سەربازی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی چەكدارانی داعشی سەر بە قاعیدە لە شاری فەللوجە ئامادە كردوون بۆیە دووپاتی كردەوە، كە سەركەوتن بەسەر چەكدارانی داعش مسۆگەرە و ئەو شارەش بە یەكجاری لەو چەكدارانە پاك دەكرێتەوە.
لە هەمان كاتدا سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، كە حكوومەت هێزی سەربازی بۆ سەر شاری فەللوجە بەكار ناهێنێت ئەگەر بێت و سەرۆك هۆز و كەسایەتیەكانی ئەو شارە خۆیان رووبەرووی چەكدارانی داعش لە فەللوجە ببنەوە و وەدریان نێن. پێشتریش كۆمەڵەی خاجی سوور لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی بڵاو كردەوە، كە بە هۆی شەڕەكانی نێوان هێزە سەربازییەكانی سوپای عێراق و چەكدارانی داعش نزیكەی سێزدە هەزار خێزان لە شاری فەللوجە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە و روویان لە ناوچەكانی دیكە كردووە.




