سەرچاوەیەک : وەزیری دەرەوی بەلجیکا بە بایەخەوە ئاماژەی بە پێگەی کوردستان لە عێراقی فیدڕالدا دەکات و دوور بێت لەو پڕیشکی تیرۆر و جەنگی تایفیی

بەلجیکا - تایبەت بە KDP.info / سەرچاوەیک لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە KDP.INFOراگەیاند: کە لە درێژەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، رۆژی سێشەممە 7/1/2014 دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا بە یاوەری شاندێکی نوێنەرایەتی و بە داوەتێکی فەرمی بەشداری لە کۆبوونەوەی ئاهەنگی پیرۆزبایی ساڵی نوێی فراکسیۆنی'لیبراڵ و دیموکراتەکانALDE ' لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد، کە سێیەم گەورەترین گروپە و خاوەنی 85 کورسییە لە پەڕلەمانی ئەوروپا.
هەمان سەرچاوە رایگەیاند: لە میانەی ئەو بۆنەیەدا شاندی نوێنەرایەتی چاوی بە کۆمەڵێک لە گەورەبەرپرسان و کەسایەتی ناودار و پەرلەمانتارانی لیبرالەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا و حکوومەتی وڵاتەکان کەوت. لەوانەش بەڕێز 'دیدیە ڕایندەرز' وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، بەڕێز 'کارل دخوخت' کۆمسیاری ئەوروپی و وەزیری پێشووی دەرەوەی بەلجیکا، بەڕێز 'گی ڤرهۆفشتاد' سەرۆکی فراکسیۆنی لیبرالەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا کە ئێستە یەکێکە لە پاڵێوراوەکان بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا.
لە میانی ئەو کۆبوونەوانە لە سەرەتادا بەڕێز گی فرهۆفشتاد بە تایبەت بەخێرهاتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کرد و سوپاسی بەشداربوونی شاندەکەی کرد. پاشان لە میانەی کورتە چاوپێکەوتنێک لە گەڵ وەزیری دەرەوی بەلجیکا، بەڕێز وەزیری دەرەوە بە بایەخەوە ئاماژەی بە پێگەی کوردستان لە عێراقی فیدڕالدا کرد و هیوای خواست کە هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت لە گەشەکردن و پێشکەوتن و دوور بێت لەو پڕیشکی تیرۆر و جەنگی تایفیی کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا لە ئارادایە. لە لەو بۆنەیەدا لە گوتەیەکدا پەرلەمانتاری ناسراوی ئەوروپی 'نیکۆلۆ ڕینالدی' کە جێگری سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییە بازرگانییەکانە لە پەڕلەمانی ئەوروپا، ئاماژەی بە دوا سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لە مەڕ ئەو پێشکەوتنە ئابورییە فراوانەی کە هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە دیوە. ناوبراو کە بە ڕەگەز ئیتاڵییە، بە ئاشکرا رایگەیاند کە وڵاتەکەی بۆ قوتاربوون لەو ئەزمە ئابوورییەی کە تێی کەوتووە پێویستە چاو لە ئەزموون و سیاسەتی ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات.
لە لایەکی ترەوە کۆمسیاری ئەوروپی دخوخت بە هەمان شێوە پێشڤەچوونی هەرێمی کوردستانی لە بوارە جیاجیاکاندا بەرز نرخاند و رایگەیاند کە ئەو دە ساڵ لەمەوبەر وەک وەزیری دەرەوەی بەلجیکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە نزیکەوە ئاگاداری رەوتی پێشکەوتن و گەشەکردنی ئابوری و سیاسی هەرێم بووە. بەڕێزیان سڵاوی تایبەتی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی خواست. لە لای خۆشییەوە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی گەرمی فراکسیۆنی لیبرالەکانی لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد بۆ بانگهێشتکردنی نوێنەرایەتی و هیوای خواست کە ببێتە هەلێک بۆ پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکان و دۆستایەتی زیاتر لە گەڵ لیبرالەکان لە یەکێتی ئەوروپادا.




