مژدەیەك بۆ ئەو كەسانەی پاسەپۆرتیان ون كردووە، لە شارەكانی خۆتان مامەڵە ئەنجام بدەن

هەولێر – تایبەت بە KDP.info/ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرقاڵی هەمواركردنەوەی پرۆژە یاسای پاسەپۆڕتی عێراقی ساڵی 1999 یەو ئەمڕۆ لە دانیشتنێكی ئاساییدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەكە كراو بەپێی گوتەی ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنەكەش چەند بڕگەو خاڵێكی تێدایە سوودی بۆ گشت هاووڵاتیان دەبێت.
شوان محەمەد تەها ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی بۆەkdp.infoە گوتی: ئەمڕۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنێكی ئاسایی سەبارەت بە پرۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 32 ی ساڵی 1999 ی تایبەت بە پاسەپۆڕتی عێراق كە لە 22 مادە پێكهاتووەو بەپەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایە یاسای 32 ی ساڵی 1999 هەڵدەوەشێتەوەو ئەمڕۆ خوێندنەوەی یەكەمی بۆ ئەنجامدرا.
ناوبراو گوتیشی: بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە دەسەڵاتی تەواو بەبەڕێوەبەرایەتی پاسەپۆڕتی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەدرێت بۆ ئەوەی لەكاتی ونبوون و لەناوچوونی پاسەپۆڕتەكانیان هاووڵاتیانی دانیشتووی پارێزگاكە لەرێگەی دادگای پارێزگاكەوە مامەڵە ئەنجام بدات و لەلایەن ئەو دادگایانەوە كێشەكە یەكلایی ببێتەوە، چونكە لەئێستادا هاوڵاتیان سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە عێراقی پاسەپۆڕتی لێ ون بێت دەبێت مامەڵە لەدادگای كەرخی شاری بەغدا ئەنجام بدات بەڵام دوای پەسەندكردنی ئەو پرۆژە یاسایە كارەكە بۆ هاووڵاتیان ئاسانتر دەبێت و سەرجەم هاووڵاتیان لەو گرفتە رزگاریان دەبێت .




