دادگای باڵای توركیا سزای دژی لەیلا زانا هەڵوەشاندەوە

کوردستانی باکور- KDP.info/ رۆژی چوارشەممە دادگای باڵای ژمارە 9ی توركیا سزای 10 ساڵ زیندانی دژی سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری سەربەخۆی كورد خاتوو لەیلا زانا هەڵوەشاندەوە.
لەمبارەیەوە كەناڵی خەبەر تورك بڵاویكردەوە كە دوای ئەوەی دادگای سزای گرانی ژمارە 5ی دیاربەكر بە تۆمەتی ئەندامبوونی لەیلا زانا لە پەكەكە و پروپاگەندەكردنی لەیلا زانا بۆ پەكەكە، لە كاتە ساتی جیاجیادا سزای 10 ساڵ زیندانی بۆ لەیلا زانا دەركردبوو، رۆژی چوارشەممە دادگای باڵای توركیا لە چوارچێوەی پێداچوونەوە بە سكاڵای لەیلا زانادا، بڕیاری دادگای بەرایی هەڵوەشاندەوە.
دادگای باڵای ژمارە 9ی توركیا لە ئەنقەرە رایگەیاندووە كە دادگای بەرایی بەبێ ئەوەی ئیدیعاكانی بسەلمێنێت سزای بۆ لەیلا زانا دەركردووە ئەمە لە كاتێكدایە كە هیچ بەڵگەیەكی بەهێز و خاوەن متمانەی یاسایی لە بەردەست دادگادا نییە، كە بسەلمێنێ لەیلا زانا ئەندامی پەكەكەیە یا خود پروپاگەندەی بۆ پەكەكە كردووە. بۆیە دادگا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای دادگای بەرایی بۆ دژی لەیلا زانا دەدات.




