قایمقامی خانەقین: ئاگادار نیم فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە

خانەقین-تایبەت بەKDP.info/ دادگای بەرایی کەلار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ قایمقامی خانەقین دەردەکات بە تۆمەتی بەفیرۆدانی سامانی گشتی، لەبەرامبەردا قایمقامی خانەقین دەڵێت: ئاگادار نییە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە وتەنھا لە راگەیاندن ئەم ھەواڵەی بیستووە.
محەمەد مەلا حەسەن قایمقامی خانەقین بەkdp.infoراگەیاند: تاوەکو ئێستا ھیچ فەرمانێکی لەلایەن دادگا بەدەست نەگەیشتووە و تەنھا لە راگەیاندنەکان ئەوەی بیستووە کە لە دادگای کەلار فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
محەمەد مەلا حەسەن گوتیشی: ئەوان لە رووی ئیداریەوە سەر بە حکوومەتی ناوەندن نەک حکوومەتی ھەرێم، بۆیە پێویستە فەرمانی دەستگیرکردنی لە لایەن حکوومەتی ناوەندەوە بێت نەک حکوومەتی ھەرێم.
مەلا حەسەن راشیگەیاند: نەک جارێک، بەڵکو ئامادەیە سەد جار بچێتە بەردەم دادگا.
قایمقامی خانەقین گوتیشی: ھیچ کارێکی نەکردووە بۆ ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربچێت و تاوەکو ئێستا بەھەموو شێوەیەک خزمەتی خانەقینی کردووە و رێگای نەداوە ئالای کوردستان لەو قەزایە بینە خوارێ، بەڵام لەجیاتی دەستخۆشی فەرمانی دەستگیکردنی بۆ دەردەچێت.




