٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری پەروەردە: ئامادەم ھەرکاتێک پێویست بێت بڕۆمە بەردەم دادگا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەڕێمی کوردستان د.عیسمت محمد خالد پرێس کۆنفرانسێکی بۆ بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن سازدا سەبارەت بە بڕیارێکی داواکاری گشتی لە ھەرێمی کوردستان و تۆمەتبارکردنی بە ئیستغلالکردنی پۆستە ئیدارییەکانی بۆ بەرژەوەندی خۆی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و دیارنەمانی ژمارەیەکی زۆر پەرتووکی خوێندن.

لەسەرەتای پرێس کۆنفراسەکەدا وەزیری پەروەردە ‌ئاماژەی بەوەکرد ، ئەوبابەتە پەیوەندی بە دووکابینەکەی پیشووتری حکومەت ھەیە ، کە وەزارەتی پەروەردە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای جیۆپرۆجێکتس ھەبووە ، کە ئەو ‌کاتیش لێژنەیەکی تایبەتمەند پێکھێنراوە بەدواداچوونی ئەو گرفتانەی رووبەرووی بۆتەوە .

ھەروەھا وەزیری پەروەردە گوتی : ئێمە لەدوای ئەوەی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پەروەردەمان ئاگادارکردۆتەوە و پرس و ڕاوێژمان بەکەسانی شارەزا لە بواری یاسا و یاساناسان کردووە ، رای ئەوان ئەوەبووە کە ئێمە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرزی بکەیەنەوە بە نووسراوی فەرمی وەزارەت ، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو بابەتە ئاگاداربن ،بەڵام تائیستا وەڵاممان نەدراوەتەوە ، بۆیە بەڕای من داواکاری مافی گشتی ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ ئەم بڕیارە .

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری پەروەردە گوتی : دیارە ھەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بەتەواوی ھەواڵەکەیان وەک خۆی نەگواستۆتەوە بەوەی کەم تەرخەمییەکە دەخەنە ئەستۆی من ، بۆیە من پێم باشە ئەوان بەدیققەتەوە بابەتەکە وەک خۆی بگوازنەوە دەستکاری نەکەن بە گوێرەی مەبەستەکانی خۆیان .

سەبارەت بە بانگێشتی بۆبەردەم دادگا کەلەلایەن رۆژنامەنووسانەوە ئەو پرسیارەی ئاڕاستەکرا وەزیری پەروەردە گوتی : من ئامادەم ھەرکاتێک پێویست بێت بڕۆمە بەردەم دادگا و بەلامەوە شەرم نییە و دادگا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانە .

ھەر لەپرێس کۆنفراسەکەدا پرسیارلە زاراوەی خوێندن کرا ، وەزیری پەروەردە روونیکردەوە، کە تەنھا لەسەر ئاستی پارێزگاکان زاراوەی خوێندن دیاری کراوە و پارێزگای دھۆکیشی بەنمونە ھێنایەوە .

لەکۆتایی پرێس کۆنفراسەکە وەزیری پەروەردە بەشێک لەو بەڵگەو دۆکیۆمێنتانەی دابە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پیشەییانە لەکاری رۆژنامەوانی لە کێشەکە بڕوانن .

      

هەواڵی پەیوەندیدار