٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نوری مالیكی: سوپای عێراقی لە هەڵەبجە و زۆنگاوەكان، كارەساتی خوڵقاند

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا - KDP.info/ لە یادی نەوەد و سێ ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراق، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان جەختدەكاتەوە كە سوپای وڵات، دەستوور حكومی دەكات و دوورە لە بارگاوی بوون بە سیاسیەت و سەرجەم پێكهاتەكانی عێراقیش تێیدا بەشدارن.

 لە بەیاننامەیەكدا كە بە بۆنەی یادی نەوەد و سێ ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراق دەریكردووە، نوری مالیكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق پیرۆزبایی ئەو یادەی كردووە، مالیكی ئاماژە بەوەش كردووە كە سوپای عێراق تەنها بۆ گەل بووە و پابەندبووە بە ئەركەكانی خۆی، بەڵام ئەو كاتە هەیبەتی نەما كە رژێمی بەعسی رووخاو سوپای كردە دامەزراوەیەكی سیاسیی حزبیی داخراو.

هەر لە بەیاننامەكەدا، نوری مالیكی ئەوە بەبیردەهێنێتەوە كە رژێمی بەعس سوپای عێراقی بەكارهێنا بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی بەسەر شاری هەڵەبجە و زۆنگاوەكان و كۆمەڵكوژی و كارەساتی پێ ئەنجامدان. لە لایەكی دیكەوە نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق‌ و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق داوای لە دانیشتوانی قەزای فەلوجە كرد، چەكدارەكانی سەر بەدەوڵەتی ئیسلامی عێراق‌ و شام داعش لەقەزاكەیان دەربكەن.

ئاژانسی فارس نیوز بڵاویكردەوە، مالیكی داوای لەهاوڵاتیانی فەلوجە كردووە، بۆ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی چەكدارانە لەقەزاكەیاندا دروست نەبێت، چەكدارانی داعش دەربكەن.سەرۆكوەزیرانی عێراق نوری مالكی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپا لە ئەنبار و فەلوجە روونیشیكردەوە كە سوپامان ئاگادار كردۆتەوە لە كاتی هێرشكردنە سەر چەكدارانی داعش لە ئەنبار و فەلووجە شوێنی خەڵكی مەدەنی نەكەنە ئامانج. بە پێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نوری مالیكی داوای لە هێزەكانی سوپا كردووە لە كاتی هێرشكردنە سەر چەكدارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی شام و عێراق و گروپە چەكدارەكانی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، ئاگاداری شوێنی خەڵكی مەدەنی بن. نابێت لە شەڕی دژی داعش و گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئەلقاعیدە شوێنی خەڵكی مەدەنی بۆردمان بكرێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، مالیكی داوای لەسوپای عێراق كردووە، ماڵ ‌و موڵكی هاوڵاتیانی فەلوجە لەبەرچاو بگرن، لەكاتێكدا ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاندووە، زیاتر لەنۆ هەزار خانەوادەی عێراقی، بەهۆی نائارامی‌ و بارگرژییەكانی قەزاكەیانەوە، فەللوجەیان بەرەو ناوچەكانی دیكەی عێراق جێهێشتووە.لەلایەكی دیكەشەوە كەناڵی عەرەبیە بڵاویكردەوە، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەپارێزگای ئەنبار دروستبووە، هادی ڕزیج فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار لەپۆستەكەی لابراوە‌ و ئیسماعیل مەحلاوی لەجێگەی ئەودا دەستبەكاربووە. لە لایەكی دیكەوە بە گوتەی سەرچاەكان، شەڕ و پێكدادان لە نێوان چەكدارانی عەشایر و هەردوو هێزی سوات وسوپای عێراق بەردەوامە.

هەواڵی پەیوەندیدار