شەڕ لە فەلوجە بەردەوامە و برسیەتیش شارەكەی گرتۆتەوە

ئەنبار - KDP.info/ سەرۆكی هۆزی جرێیسیان شێخ مەجید جورێیسی لەبارەی شەڕ و پێكدادانەكانی ئەنبار و فەلوجە رایگەیاند كە شەڕ و پێكدادان لە باشوور و رۆژهەڵات و رێگا دەرەكییەكانی شاری فەلوجە بەردەوامە و هەروەها زۆربە هێزەكانی داعش لە ناو شار پاشەكشەیان كردوە و شەڕ لە نێوان سوپای عێراقی و چەكدارانی عەشایر 8 كوژراو و 65 برینداری لێكەوتۆتەوە.
سەرچاویەك لە عەشایری رومادی ئلشكرای كرد كە شەڕێكی توند لە نێوان چەكدارانی عەشایر و هەردوو هێزی سوات و سوپای عێراقی لە كاتی كشانەوەی لیوای هەشتی سوپای عێراق لە رۆژئاوای رومادی رویداوە و ئێستاش لە باكوور و باشوری رومادی شەڕ بەردەوامە و هەردوو لا هەموو جۆرە چەكێك بەكار دەهێنن و لەو هێرشانەدا تانكێك و چەند سەیارەكەی سوپای عێراق سوتێنراون. هەروەها سەرچاوەكە روونیشیكردۆتەوە كە هێزەكانی داعش لە ناو شارەكان نین و ئەوە تەنیا پاساوە كە حكومەتی عێراقی بەكاری دەهێنێت بۆئەوەی ناوچەكە بۆردومان بكات.
دانیشتوانی شارۆچكەی فەلوجەی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە حالەتێكی چاوەڕوانكردندایە، سوپای عێراقیش تەواوی تواناكانی ئامادە كردووە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی سەربازی گەورە لەو شارە بۆ راوەدوونان و بنبڕكردنی بەناو رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام .
لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆك هۆزەكانی ئەم شارە رەتیدەكەنەوە كە چەكدارانی ئەم رێكخراوە بوونی هەبێت لە شارەكەیان . سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگری عێراقی رایگەیاند كە ئەم هێرشەی سوپای عێراق بۆ سەر فەلوجە بۆ راوەدوونانی چەكداران ئەنجام نادرێت تا شارەكە تەواو لەلایەن هاوولاتیانی مەدەنی چۆڵ نەكرێت ئەوەش بەمەبەستی خۆ دوور خستنەوە لە كەوتنی قوربانی لەنێو هاوولاتیانی مەدەنی .
روونیشیكردەوە كە هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراقی چاوەڕوانی گلۆپی سەوز دەكەن بۆ ئەوەی بچنە ناو شارەكە كە لە سێ لاوە گەمارۆی شارەكەیان داوە
. لەلایەكی دیكەوە بەپێی سەرچاوەكانی هۆزەكانی ئەم شارە نزیكەی سەدا حەفتای ئەم شارە لە ژێر كۆنترۆڵی قاعیدە دایە و نزیكەی سی لە سەداش لە ژێر كۆنترۆڵی هۆزەكاندایە، چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام چەندین خاڵی پشكنینیان لە فەلوجە داناوە .
لە رووی مرۆییەوە ئەم شارە كەوتۆتە قەیران بەهۆی كەمی كەل و پەلی خۆراك و سووتەمەنی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە ماڵەكان، سەرچاوەیەكی پزیشكیش رایگەیاند كە نەخۆشخانەی گشتی لە فەلوجە بە دەست كەمی داوو دەرمان دەنالێنێت .




