بۆ دامەزراندن لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ، وەزارەتی كار بێ كاران ئاگاداردەكاتەوە ناویان لە بنكەكانی دەنگدەران تۆماربكەن

ههولێر- KDP.info / وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە راگەیەنراوێكدا داوا لە بێ كاران دەكات ئەوانەی لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی وەزارەت ناویان تۆمار كردووە بۆ دۆزینەوەی هەلی كار، سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن بەمەبەستی ناونوسینیان و دامەزراندنیان لە رۆژی دەنگدان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.
بەپێی نوسراوێكی رەسمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان - ئۆفیسی هەولێر بە ژمارە 163 كە ئاراستەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كراوە. داوا دەكات ئەو كەسانەی كەناویان لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی وەزارەت تۆمار كردووە وەك بێ كار، سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن بەپێی شوێنی دانیشتن و پسولەی خۆراك بۆ دامەزراندنیان لەرۆژی دەنگدان.
لەم چوارچێوەیەشدا وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەم راگەیەنراوەدا داوا لەهەموو ئەو بێ كارانە دەكات كە لە بەڕێوەبەرایەتیەكانی بەكارخستنی سەر بەوەزارەت لەشارو شارۆچكەكان ناویان وەك بێ كار تۆمار كردووە. تاكو بەرواری 2014/1/11 سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن بۆ ناونوسین و دامەزراندنیان لە رۆژی دەنگدان.
جێگەی ئاماژە بۆ كردنە ئەم داواكارییەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دوای داواكاریەكی پێشووتری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دێت كە لە نوسراوێكدا لە 2013/7/24 داوای لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كردبوو بۆ دامەزراندنی كارمەندانی كۆمسیۆن، سوود لە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم و ئەو گەنجانە وەربگیریت كە لەڕێگەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ناویان بۆ دۆزینەوەی هەلی كار و بیمەی بێ كاری تۆماركردووە.




