پارێزگای ئەنبار لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەت دەرچوویە

ئەنبار -KDP.info/ سەرچاوەیەكی پایەبەرزی ئەمنی عێراق لە پارێزگەی ئەنبار كە نەیویست ناوی بهێنرێت رایگەیاند شاری فەلووجە لە دەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەتدایە و كەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام داعش و ناوچەكانی دەوروبەری فەلووجەش لەژێر كۆنترۆڵی پۆلیسی ناوچەییدایە.
لەلایەكی دیكەوە شەڕوپێكدادانی توند لە نێوان سوپای عێراق و ژەمارەیەك چەكداردا رووی دا كاتێك ویستیان هەڵبكوتنە سەر سەربازگەی مەزرەعە لە رۆژهەڵاتی فەلووجە كە بارەگایەكی سوپای عێراقە. شەڕوپێكدادانیش لە نێوان هەردوو لادا لە شارەدێی كەرمە لە رۆژهەڵاتی فەلووجە رووی داو هێزەكانی سوپای عێراقیش دەستیان بە بۆردومانكردنی مۆڵگەكانی چەكدارەكان كرد لە شاری فەلووجە .
لە شاری رەمادیش شەڕوپێكدادان ڕوویدا و سەرچاوەیەكی سوپای عێراقیش رایگەیاند پەنجا و پێنج چەكداری داعش لە نزیك رەمادی كوژران. هاوكات سەرچاوەیەك لە پۆلیسی ئەنبار رایگەیاند هیلیكۆپتەرێكی سوپای عێراق مووشەكێكی ئاراستەی ماڵی پەیامنێری رۆژنامەی زەمان لە شاری رەمادی كرد و پەیامنێرەكە برینداربوو .
هەروەها بە گوێرەی سەرچاوەكان ژمارەیەكی زۆر لە خێزانەكانی شارەكە ماڵەكانی خۆیان بەجێ هێشتووە و لە دەروازەی رۆژئاوای شارەكەوە چوونە دەرەوە . لەلایەكی دیكەوە شەڕوپێكدادان گەیشتە نزیك بەغدا كاتێك هێزە ئەمنییەكان توانییان هێرشێكی چەكداران بۆسەر بەندیخانەی ئەبو غرێب پووچەلأ بكەنەوە كە هێرشەكەیان بۆ ئەوە كردبوو گیراوەكان ئازاد بكەن و لەو هێرشەدا سێ سەرباز لە خاڵێكی پشكنین لە نزیك بەندیخانەكە كوژران. لای خۆیەوە شێخ عەلی حاتەم سەرۆكی سەرۆك خێڵەكانی ئەنبار داوای خێڵەكانی عێراق كرد كوڕەكانیان لە سوپای عێراق بكێشنەوە، داواشی لە سوپا كرد لە شارەكان دەربچێت و بچێتە سەر سنووری وڵات.




