حكومەتی هەرێم كێشەكانی سەیدسادق چارەسەر دەكات

سهیدق سادق – KDP.info/ وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی قەزای سەیدسادقیان كردو لەگەڵ نوێنەری دانیشتوانی قەزاكەو مامۆستایانی ئاینی و نوێنەری حزبە سیاسیەكان كۆبوونەوەو جێ بەجێ كردنی داواكارییەكانی قەزاكەیان راگەیاند و مامۆستایانی ئاینی ونوێنەری خەڵكی قەزاكەو لایەنە سیاسیەكان تەئكیدیان لە كۆتای پێهێنانی خۆپیشاندانەكان كرد بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت بەلایەنە حكومییەكان بەڵێنەكانیان بۆ قەزاكە جێ بەجێ بكەن.
رۆژی4ی كانوونی دووەم، لەسەر راسپاردەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەفدێكی باڵا كە پێكهاتبوون لە كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەو دڵشاد شەهاب وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە هاوڕێیەتی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی سەردانی قەزای (سەیدسادق)یان كرد
لەسەردانەكەدا وەفدەكە لەگەڵ بەشێك لە نوێنەرانی دانیشتوانی قەزاكە و مامۆستایانی ئاینی و لایەنە سیاسیەكان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكاندا نوێنەرانی قەزاكە بەچەند خاڵێك داواكاری دانیشتوانی قەزاكەیان بۆ خزمەتگوزاری زیاتر و چاكسازی ئیداری و لەبەرچاوگرتنی خواستی دانیشتوانی قەزاكە لە ئاڵوگۆری ئایندەی سنورە ئیدارییەكاندا خستەبەردەم وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لەبەرامبەردا وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند لەسەر راسپاردەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی قەزاكەیان كردووە ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ بەشێك لە نوێنەری قەزاكە كۆبووەوەو بەڵێنی پێدان ئەو كێشانەی پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بگەیەندرێتە سەرۆكایەتی ئەنجومەن.
وەفدە باڵاكە رایانگەیاند سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بریاریداوە بودجەیەكی تایبەت بۆ قەزاكە تەرخان بكرێت و بڕكەشی لەسەر بنەمای دەرخستەی ئەو پرۆژە گرنگانە بێت كە لەلایەن دانیشتوانی قەزاكەوە پێشنیار كراوە.
هەروەك رایانگەیاند سەرۆكی حكومەتی هەرێم بریاریداوە لەدوای گەرانەوەی لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ نوێنەرانی دانیشتوانی قەزاكە كۆ ببێتەوە بۆ گوێگرتن لە داخوازییەكانیان.
وەفدەكە دووپاتیشیان كردەوە لەئاڵوگۆڕی سنورە ئیدارییەكاندا دوای بوونی هەڵەبجە بە پارێزگا خواستی دانیشتوانی قەزاكە لەبەرچاو دەگیرێت و سنوری ئیداری بە زۆر ناسەپێندرێت.
هەروەك لە بەشێكی تری قسەكانیاندا وەفدەكە باڵاكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایانگەیاند لە چەند رۆژی داهاتوودا وەزیرانی تەندروستی و خوێندنی باڵا سەردانی قەزاكە دەكەن بۆ گوێگرتن لە داواكاری خەڵك لەو دوو بوارەدا و راشیانگەیاند وەزیری خوێندی باڵا بریاری كردنەوەی پەیمانگایەكی لە قەزاكەدا داوە و لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ ناوچەكە میكانیزمی دانانەكەی یەكلای دەكاتەوە.
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند وەك بەڵێنیان بە نوێنەرانی قەزاكە دابوو لیژنەیەكی باڵایان لە پارێزگای سلێمانی دروست كردووە بۆ لێكۆڵینەوە لە كێشەی پرۆژەكان و كێشە و كەموكوڕییەكان لەبواری ئیداریدا و ئەمرۆش لیژنەكە سەردانی قەزاكەیان كردووەو سەردانەكانیشیان بۆ قەزاكە بەردەوام دەبێت هەر كەموكوڕی هەبێت هەوڵی چارەسەركردنی دەدەن.
پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند مانەوەی هێزە ئەمنیەكان لە قەزاكە بۆ پاراستنی ئارام و تەشەنە نەسەندنی بارودۆخەكەو رێگرییە لە رووداوی نەخوازراو و دوای ئارام بوونەوەی بارودۆخەكە تەواوی هێزەكان دەچنەوە شوێنەكانی خۆیان.
وتیشی: هەر پێشێلكاری و رووداوێكی نەخوازراویش روویدابێت دادگا رێچكەی خۆی بۆ چارەسەریان دەگرێتە بەر.
لەبارەی كێشەی خانووی بێ تاپۆ و زیادەروەییەوە پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند وەك قەزاكانی تر یاسای 241 لەو قەزایەشدا پەیرەو دەكرێت بۆ چارەسەری بەشێك لەو كێشانە.
پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە نزیكترین كاتدا بۆ رایكردنی كاروباری هاووڵاتیان بەشێوەیەكی كاتی قائیمقام و سەرۆكی شارەوانی و بەرێوەبەری پەروەردە بە وەكالەت بۆ قەزاكە دادەنرێت.
لە لایەكی تر وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری حزبە سیاسیەكانی سنورەكە كۆبوونەوەوە لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری لایەنە سیاسیەكان هاورا بوون كە كۆتایی بەو بارودۆخە ئاڵۆزەی چەند رۆژی قەزاكە بێت و مۆڵەت بدرێت بە لایەنە حكومیەكان ئەو كار بۆ جێ بەجێ كردنی ئەو بەڵێنانە بكەن كە بە دانیشتوانی ناوچەكەیان داوە . و رایانگەیاند بۆ ئەوە مەبەستە بەیانێكی هاوبەش بڵاو دەكەنەوە.
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا مامۆستایانی ئاینی قەزاكە داوایان لە دانیشتوانی قەزای سەیدسادق كرد كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن و مۆڵەت بدەن بە لایەنە حكومییەكان بەڵێنەكانیان جێ بەجێ بكەن.
جێگەی باسە وەفدە باڵاكەی حكومەتی هەرێم لە سەرەتای سەردانەكەیاندا بۆ قەزای سەیدسادق، چوونە پرسەی شەهید بروا حەسەن كە لە خۆپیشاندانەكاندا شەهید بوو، وەفدە پرسەو سەرەخۆشی خۆیان و ئەنجومەنی وەزیرانیان گەیاندە كەسوكاری ئەو شەهیدەو دووپاتیان كردووە دەبێت لەرێگەی دادگاوە ئەو تاوانی شەهید كردنی ئەو گەنجە یەكلای بكرێتەوە




