داعش 30 ئەندامی دیلگیراوی سوپای سوریای ئازادی كوشت

حەلەب-KDP.info/ رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ئەو 30 بەرهەڵەستكارە ئەندامەی سوپای سوریای ئازاد كە لە خاڵی پشكنینی سوپای سوریای ئازادی لە ناوچەی ئیدلێب بەدیلگرتبوون كوشت.
قۆردیناتۆری شۆڕشی سوریا رایگەیاند رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ئەو 30 بەرهەڵەستكارەی لە ناوچەی جەبل زاویەی سەر بە ئیدلێب بەدیلگرتبوو هەموویانی كوشتووە.
لە بەشێكی ئەو راگەینراوەدا ئاماژە بەوە كراوە داعش وەكو وەڵامدانەوە بە هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر خۆی ئەو 30 دیلەی كوشتووە.
لە بەردەوامی راگەینراوەكەدا جەخت لەوە كراوە لە ناوچەی ئەتراریب شەڕ و پێكدادانێكی قورس لە نێوان داعش و سوپای سوریای ئازاددا هاتووتە ئاراوە و هێشتا بەردەوامە. زانرا لە ناوچەی حەسەكێ داغش فەرماندەی یەكینەكانی توحید و جیهادیشی كوشتووە.
بە هۆی بەردەوام كردنی شەڕی نێوان داعش و سوپای ئازادی سوریا، داعش داوای لە هەزار و 300 چەكدارەی تایبەتی خۆی كردووە بگەڕێنەوە بۆ سوریا و بەشداری شەڕی دژی سوپای موجاهێدین بكەن.




