یەكەمین رۆژی فێستیڤاڵی لاوانی كورد لە ویلایەتی فلوریدا دەستی پێكرد

ئەمەریكا - KDP.info/ رۆژی هەینی، پێنجەمین فێستیڤاڵی لاوانی كورد، لە وڵایەتی فلوریدای ئەمریكا، بە سرودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب دەستی بە كارەكانی خۆی كرد كە لەوداكۆمەڵێك چالاكی سیاسیی، هونەری، زانستی، وێژەیی و كولتووری لە خۆ گرتبوو. ئەو فێستیڤاڵە، بۆ ماوەی سێ رۆژ بە بەشداری قوتابیان و لاوانی كورد كە لە سەراسەری دونیاوە تێیدا بەشدار بەردەوام دەبێت.
لە یەكەمین رۆژی كاری فێستیڤاڵەكەدا، وێرای بەخێرهاتن كردنی ئامادەبووان، باسێك لەسەر سینەماو مێژووی سینەمای كورد پێشكەش كرا.
هەروەها لە چەند بڕگەیەكی دیكەی فێستیڤاڵەكەدا، چەند پارچە شێعر و وتەی پێشینیانی كورد خوێندرایەوەو لە درێژەدا كۆمەڵێك كورتە فیلم نمایش كرا.
لە بڕگەیەكی دیكەی ئەو فێستیڤاڵەدا، كێبڕكێی زانیاری بۆ وشیار كردنەوەی قوتابیان و ئامادە بووان بەرێوەچوو كە كۆمەڵێك پرسیاری و زانیاری لەسەر كورد و كوردستان لە خۆ دەگرت و هەروەها چەند پارچە موسیقا پێشكەش كرا
شیاوی باسە كە فێستیڤاڵی ساڵانەی لاوانی كورد ماوەی پێنج ساڵە بە بەردەوامی بەرێوە دەچێ و هەر جارەو لە ویلایەتێكی ئەمریكا بە ئامادەبوونی كۆمەڵێك قوتابی و خاوەن بەهرەی كورد پێك دێت و ئامانج لەو كارەش لێكنزیك كردنەوەی رەوەدنی كورد لە دەرەوەی وڵات و گرێدانەوەیانەی پتریانە بە كوردستانەوە.




