بولەنت ئارنج: با كەس باسی دەركردنی لێبووردنی گشتی نەكات

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بولەنت ئارنج لە میانی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەنووسانی توركیا باسی چەندین پرس و بابەتی گەرمی رۆژەڤی توركیای كرد. ئارنج باسی پرسی دەركردنی لێبووردنی گشتی و پرسی دەستبەسەر كردنی ئەو بارهەڵگرە كرد كە لەسەر سنوری نێوان توركیا و سوریا دەستی بەسەردا گیراوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی تی ئار تی بڵاویكردەوە كە جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا بولەنت ئارنج رایگەیاندووە كە ئەو دەنگۆیانەی لەلایەن ژمارەیەك لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە لەبارەی دەركردنی لێبووردنی گشتی بڵاو دەكرێنەوە دوورن لە راستی چونكە حكوومەت بە هیچ شێوەیەك بەرنامەی بۆ دەركردنی لێبووردنی گشتی نییە.
بولەنت ئارنج ئاماژەی بەوە كردووە كە وشەی لێبووردنی گشتی لە توركیا وشەیەكی زۆر مەترسیدارە و هیچ كەس ناتوانێ باس لەو وشەیە بكات، كێ باسی دەركردنی لێبووردن بكات ئەوا بە باش یا بە خراپ رووبەرووی رەخنەی توند دەبێتەوە.
لە بارەی پرسی دەستبەسەردا گرتنی بارهەڵگرێك لە سەرسنووری نێوان توركیا و سوریا ئارنج ئاماژەی بەوە كردووە كە لە نێو ئەو بارهەڵگرەدا هاوكاری مرۆیی هەیە و توركیا هاوكاری خەڵكی مەدەنی سوریا دەكات نەك هاوكاری گروپە توندڕەوەكان.




