جەمیل چیچەك: دەبێ دەزگا دادوەرییەكان خۆیان تێكەڵی سیاسەت نەكەن

ئەنقەرە-KDP.info/ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك لە بارەی بارودۆخی توركیاو دوا پێشهاتەكانی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند كە توركیا بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێ بۆیە دەبێ هەر كەس هۆشیاری ئەرك و بەرپرسیاریەتی خۆی بێت و دەستوەردانی لە كاروباری ئەوانی دیكە نەكات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكەخەبەر بڵاویكردەوە كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك لە بارەی ئازاد كردنی دوو پەرلەمانتاری بەدەپە كە لە چوارچێوەی دۆزی كەجەكەدا دەستگیر كرابوون رایگەیاند، بڕیاری دادگای دەستووری لە جێگای خۆیدایە و بڕیارێكی راست و دروستە دەبوایا ئەو بڕیارە زووتر درابایا چونكە كەسێك كە خەڵك وەكو نوێنەری دەنگی پێ دابێ دەبێ لە پەرلەمان بێت نەك لە گرتووخانە.
جەمیل چیچەك هەروەها رایگەیاندووە كە ئەو بڕیارە زۆر خۆشحاڵی كردووە و هیوادارە لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو سێ پەرلەمانتارەكەی دیكەی بەدەپە ئازاد بكرێن.
چیچەك لە بارەی رەوشی توركیاوە گوتوویەتی: رەوشی هەنۆكەیی توركیا زۆر هەستیارە نابێ دەزگا دادوەرییەكان خۆیان تێكەڵی كاروباری سیاسی بكەن چونكە ئەگەر ئەو دامودەزگایانە خۆیان تێكەڵی كاروباری سیاسی بكەن ئەوا بارودۆخی توركیا ئاڵۆزتر دەبێ.




