وەزارەتی پێشمەرگە: چاودێری وردی ئەو شەڕە دەکەین کەلە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە ئارادایە

هەولێر - KDP.info/ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت: کە ئەوان وەک وەزارەت هێزەكانی پێشمەرگەیان ئاگاداركردۆتەوە، كە بەوپەڕی ئاگایی و چاوكراوەییەوە چاودێری دۆخی هێڵەكانی پێشەوەی ئەو شەڕە بكەن كە ئێستا لەسنوورەكانی پێشەوە لەنزیك ناوچە جێ ناكۆكان بەردەوامی هەیە. لیوا جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ی هەرێمی کوردستان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە، بەمەبەستی بەرگرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان بۆ نزیك ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، ئاگاداری هێزەكانی پێشمەرگەیان كردووە بەوپەڕی ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەروو : ئەو هێزەی لە هێڵەكانی پێشەوە دانراون، لە ناوچە جێ ناكۆكەكان، پشتێنەیەكی ئەمنییان دروستكردووە و چاودێریی بارودۆخەكە دەكەن و بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەن .لیوا جەبار یاوەر ئەوەشی ئاشكرا كردووە: هێزە ئەمنییەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە چاودێری ناوچەكانی نێوان نەفت خانە تا فیشخاپوور دەكەن، كە بریتین لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و كەركوك و بەشێك لە پارێزگای نەینەوا.




