3پارتی کوردی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەن

ئەنقەرە -KDP.info/ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا ئاشکرای کرد : کە 25حزبی سیاسی بەشداریی لە ھەڵبژاردنی مانگی ئازاری داهاتووی تورکیا دەکەن کە تێدا 3حزبی کورد بەشداری ھەڵبژاردنەکە دەبن. کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا لەبارەی ھەڵبژاردنەکەی رۆژی 31ی ئازاری 2014، زانیاریی دایە رۆژنامە رەسمییەکانی ئەو وڵاتە.بەپێی یاسا گشتییەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا، پێویستە پارتە سیاسییەکان، لانیکەم شەش مانگ بەر لە ھەڵبژاردن نیوەی کاندیداکانی پەرلەمان، سەرۆکی شارەوانی، ئەنجومەنی شارەوانی بۆ کۆمسیۆن بەرز بکەنەوە.واتا رۆژی 30ی ئەیلولی2013ھەر پارتێکی بەشداربوو لانیکەم نیوە لە کاندیدانی پەرلەمان، سەرۆکی شارەوانی، ئەنجومەنی شارەوانی بۆ کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن بەرزکردۆتەوە. لیستی پارتە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردنی تورکیا بۆ هەڵبژاردنی 31ی ئازاری 2014:لە گەرنگرترین پارتەکانی بەشدار بوون پارتی دادو گەشەپێدان و پارتی ئاڵتەرناتیڤ و پارتی ئاشتی و دیموکراتی و پارتی یەکبوونی گەورە پارتی گەلی کۆماریی وپارتی دیموکراتی وپارتی ماف و ئازادی پارتی رزگاریی گەلان، ئەو لیستە دوای نوێ کردنەوەی لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا، لە چەند رۆژنامەیەکی رەسمیی وڵاتەکەدا بڵاوکراوەتەوە. تا کاتی ھەڵبژاردن ھەر گۆڕانکارییەک لە کارەکانی کۆمسیۆن رووبدا، وەکو خۆی بڵاودەکرێتەوە. ھەروەھا دەرگای رەخنەو پێشنیار لەبەر دەم بوونی ھەر کەم و کوڕی و زانیارییەکی ھەڵەدا کراوە دەبێ.




