بەدەپە: بڕیاری دادگای دەستوری زۆر گرنگ و ئەرێنییە

ئەنقەرە- / KDp.info جێگری سەرۆكی گشتی بەدەپە مەراڵ دانێش بەشتاش لە بارەی بڕیاری دادگای دەستوری بۆ دوو پەرلەمانتاری بەدەپە گوتی: بڕیاری دادگا بۆ ئازادكردن و كۆتاییهێنان بە بەندكراوبوونی دوو پەرلەمانتاری بەدەپە گولسەرەن یڵدرێم و ئیبراهیم ئایهان هەنگاوێكی زۆر گرنگە.
مەراڵ دانێش بەشتاش بە ئاژانسی ئانادۆڵی گوت: زیاتر لە بڕیاری دادگا، بە پەلە هەڵسەنگاندنی سكاڵاكە زۆر گرنگە، چونكە داواكاری ئێمە لەو چوارچێوەیەدا بوو. دەمانزانی دادگای دەستووری لە كۆتاییدا بڕیارێكی لەو جۆرە دەدا، بڕیاری كۆتایی هێنان بە بەندكراوبوونی ئەو پەرلەمانتارانە بڕیارێكی گرنگە.
بەشتاش لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد دەبوایا بەر لەوەی سەردانی دادگای دەستوری بكرێت، بڕیاری ئازادكردنی ئەو پەرلەمانتارانە درابایا، بەڵام دادگا بەراییەكان هەر چەند دەسەڵاتیشیان نەبوو لە سەر بەندكردنی پەرلەمانتارەكان سووربوون.
بەشتاش لە كۆتایی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە لە ماوەیەكی كورتدا بۆ پەرلەمانتارە گیراوەكانی دیكە سەلما ئیرماق، فەیسەڵ ساری یڵدێز و كەمال ئاكتاش بڕیارێكی هاوشێوە دەردەكرێ، دوسیەكانمان پێكەوە رادەستی دادگای دەستووری كرد بەڵام هێشتا دوسیەی ئەو سێ پەرلەمانتارە نەگەیشتووتە بەردەم دادگای دەستوور. وا بزانم تا سێ چوار رۆژی دیكە لە بارەی ئەوانیشەوە ئەو بڕیارە دەدرێت.




