٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دادگای دەستوری توركیا: مافی دوو پەرلەمانتاری بەدەپە پێشێلكراوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە-/ KDP.info دادگای دەستوری توركیا رایگەیاند ماوەی یاسایی بەندكردنی دوو پەرلەمانتاری بەدەپە گولسەرەن یڵدرێم و ئیبراهیم ئایهان كە لە چوارچێوەی دۆزی كەجەكەدا بەندكراون، ماوەی یاسایی خۆی تێپەڕاندووە. لەو چوارچێوەیەدا سكاڵای ئەو دوو پەرلەمانتارە لە بارەی پێشێلكردنی مافی هەڵبژێردراوبوونیان لە لایەن دادگایەوە قەبووڵ كراوە.

ئەو پێنج پەرلەمانتارە گیراوە كە چواریان سەر بە بەدەپەن و یەكیان سەربەخۆیە، لە رێگای پارێزەرەكانی خۆیانەوە لە دادگای دەستوری سكاڵایان تۆمار كرد.

پارێزەرانی پەرلەمانتارە گیراوەكانی بەدەپە بە شێوەیەكی تاكەكەسی لە بارەی ئەو دۆزەوە كە لە دادگای باڵای ژمارە پێنج و شەش دیاربەكر لە چوارچێوەی دۆزی كەجەكەدا بەڕێوەچووە، لە دادگای دەستووری توركیا سكاڵایان بە بیانووی پێشێلكردنی مافی هەڵبژێردراوبوون و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بەندكردن تۆمار كرد.

دوای هەڵسەنگاندنی ئەو سكاڵایە دادگای دەستوری لە بارەی بابەتی یەكەمەوە بڕیاری خۆی ئاشكرا كرد. لەو چوارچێوەیەدا دادگای دەستوری رایگەیاند سكاڵانامەی هەر دوو پەرلەمانتاری بەدەپە گولسەرەن یڵدرێم و ئیبراهیم ئایهان گەیشتووەتە بەردەست دادگا، بەڵام سكاڵانامەی تایبەتی ئەو سێ پەرلەمانتاری دیكە هێشتا نەگەیشتووە بەردەستی دادگا.

دادگا سكاڵای پارێزەرەكانی ئەو دوو پەرلەمانتارە لە سەر دادگایی كردنی نادادپەروەرانە بە هۆی هەبوونی رێگای دادگایی كردن رەتكردەوە بەڵام لە بارەی تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بندكردن و پێشێل كردنی مافی هەڵبژێردراوبوون، دادگا سكاڵاكەی قەبووڵ كرد و رایگەیاند، ماوەی بەند كردنی ئەو دوو پەرلەمانتارە لە ئاستی یاساییدا تێپەڕیوە و مافی هەڵبژێردراوبوونیشیان پێشێلكراوە.

دادگا لە بڕیاری خۆیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بە پێی یاسا ماوەی یاسایی بەند كردنی ئەو دوو پەرلەمانتارە لە ئاستی یاسایی تێپەڕیوە كە ئەمە پێشێلكردنی مافە و هەروەها بە پێی بەندی 7ی مادەی 19ی دەستووری بنەڕەتی توركیا مافی هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتنیان پێشێلكراوە.

دادگای دەستوری بە كۆی دەنگ ئەو دوو خاڵەی لە سكاڵانامەكەدا قەبووڵ كردووە و بۆ بڵاوكردنەوەی روانەی رۆژنامەی رەسمی كردووە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار