٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دوایین پێشهاتەكانی شەڕی سوپا و چەكدارانی داعش لە پارێزگای ئەنبار لە Kkdp.info بخوێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەنبار - KDP. info/ سەرچاوەیەكی ئەمنیی عێراق ئاشكرایكرد كە نیوەی شاری فەلوجە بە دەست چەكدارانی دەوڵەتی بەناو ئیسلامیی عێراق و شام داعشەوەیە.

ئاژانسی فرانس پرێس لەزاری سەرچاوەیەكی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویكردۆتەوە كە شری فەلوجە لە نێوان چەكدارانی داعش و چەكدارانی هۆزە و عەشیرەتەكانی پارێزگەی ئەنبار دابەش بووە، روونیشیكردەوە كە نیوەی فەلوجە لەژێر دەستی داعش دایە.

لە لایەكی دیكەوە ئاژانسەكە لە زاری شایەتحاڵێكی دانیشتووی شاری فەلوجە بڵاویكردەوە كە داعش سەقاڵی دانانی خاڵی پشكنینە لە ناوەڕاست و باشووری شارەكە و لەهەر خاڵكیشدا، پێنچ بۆ حەوت چەكداری ئەو رێكخراوە دەبینرێن. لای خۆیانەوە چەكدارانی هۆزەكانی ئەنبار بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عێراق داوای ئازادكردنی پارلەمانتار ئەحمەد عەلوانی دەكەن.

سەرۆك هۆزی جورێیسیان شێخ مەجید جورێیسی رایگەیاند، هۆزەكانی ئەنبار بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق داوای ئازادكردنی پارلەمانتار ئەحمەد عەلوانی دەكەن، كە لە رومادی بە تۆمەتی دروستكردنی ئاژاوە لە گۆڕەپانی خۆپێشاندەران دەستگیر كراوە. مەجید جورێیسی بە ئاژانسی ئانادۆڵۆی راگەیاندووە كە بۆ پاراستنی موڵكی گشتی لە پارێزگای ئەنبار سەرۆك هۆزەكانی ئەو ناوچەیە ئەنجومەنێكی سەربازی دادەمەزرێنن. روونیشیكردەوە كە بەسەركردایەتی زانایانی ئایینی و سەرۆك هۆزەكان لە فەلوجە ئیدارەیەكی ناوچەیی و مەدەنی پێك دێت بۆ ئەوەی رێگری لە توندوتیژی بكرێت.

لە لایەكی دیكەوە لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەكانی پارێزگای ئەنبار ‌و نەینەوا، لە لایەن سوپای عێراقەوە شەش سەركردەی باڵای مەترسیداری ڕێكخراوی قاعیدە‌ و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق‌ و شام داعش كوژران.

ئاژانسی فارس نیوز بڵاویكردۆتەوە لە هەڵمەتەكانی سوپای عێراق دژ بە گروپە تیرۆرستییەكان، شەش سەركردەی باڵای قاعیدە ‌و داعش لەپارێزگای ئەنبار‌ و نەینەوا كوژراون، كە لە ناویاندا شاكر وەهیب بوونی هەیە كە بەمەترسیدارترین سەركردەی قاعیدە هەژمار دەكرێت. روونیشكراوتەوە كە لەو هەڵمەتانەی پارێزگای ئەنبار‌ و نەینەوادا، هەر یەك لە ئەبو ئەیوب ئەنساری سەركردەی تونسی داعش لەعێراق لەئەنبار ئەبو حەسەن داغداش موفتی داعش لەموسڵ كوژراوە.

شاكر وەهیب فەهداوییش كە بەمەترسیدارترین سەركردەی ڕێكخراوی قاعیدە لەعێراق هەژماركرابوو، پێشتر سزای لەسێدارەدانی هەبووە‌ و پەنجا هەزار دۆلاریش وەك پاداشت دیاریكرابوو بۆ ئەو كەسەی زانیاریی لە بارەیەوە بە هێزە ئەمنیەكان بدات، ئێوارەی دوێنێ لەئەنبار كوژراوە‌ و لای خۆشیەوە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەش كوشتنی شاكر وەهیبی پشتڕاستكردۆتەووە.ئاژانسەكە ئەوەشی خستۆتە روو كە هەریەك لە سەجاد حەمەد عەتیە ئیبراهیم سەركردەی داعش لەباشوری موسڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە كوژراوە، هاوكات زەنون ئەحمەد عەلی والی داعش لەموسڵ، بەهەمان شێوە لەهەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا كوژراوە و هەورەها ڕەمەزان داودیش قازی شەرعی داعش لە موسڵ، دوای دەستكەوتنی زانیاریی لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە لەپارێزگەی مووسڵ، كوژراوە.

لە لایەكی تریشەوە لە سنووری سلێمان بەگی پارێزگەی سەلاحەددین شەڕوپێكدادان روویدا، بە گوێرەی زانیاریەكان لە ناحیەی سلێمان بەگ سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، گروپێكی پەنجا كەسی لەگەڵ سەربازانی خاڵە پشكنینەكانی نزیك بەرێوەبەرایەتی ناحیەكەدا كەوتوونەتە شەڕەوە. لەو بارەوە رەزا كەوسەری، ئەندامی لیژنەی ئەمنیی خورماتوو لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە چەند چەكدارێك بە مووشەك و چەكی تایبەت، هێرشیانكردۆتە سەر قوللەی چاودێریی سەربازانی ناوچەكە.

لە لایەكی تریشەوە سەرچاوەیەك لە چەكدارانی عەشایری فەلوجە ئاشكرای كرد كە سوپای عێراق بە تۆپ و موشەكی دوور هاوێژ گەڕەكەكانی شەهیدان، عەسكەری، سەبعە نیسان و رێگای سەرەكیی فەلوجە رومادیان بۆردومان كردووە. سەرچاوەكە هەروەها راشیگەیاندووە كە لە ئاكامی ئەو بۆردمانەدا، كەسێك كوژراوە و نۆ كەسی دیكەش كە سەرجەمیان مەدەنین بریندار بوون. هەر لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنی واسق بەتات سەرۆكی سوپای موختاری راگەیاند.لەو بارەوە عەمید سەعد مەعەن گووتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند هێزەكانیان لەناوچەی تالبیەی شاری بەغدا واسق بەتاتی سەرۆكی سوپای موختاریان دەستگیركردوە. مەعن راشیگەیاندووە كە پرۆسەكەیان بۆ دەستگیركردنی بەتات لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد بووە و ئێستە ناوبراو، براوەتە بنكەیەكی ئەمنی بۆ لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵیدا.

واسق بەتات تۆمەتبارە بەكوشتنی خەڵك لە ڕێگەی سوپای موختارەوە، پێشتر داوای لەلایەنە سیاسیەكان كردبوو دژی حكومەتەكەی مالیكی بوەستنەوە، دواتریش بەتۆمەتی كوشتنی عەربە سوننەكان و هەروەها هەڵكووتانە سەر خێوەتگەی لیبرتی تایبەت بە چەكدارانی موجاهیدنی خەلق، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار