٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ دەکات

سەرچاوە: KDP.info

دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 25-12-2013، پڕۆژە یاسای به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی شەهیدی به‌ فه‌رمی ڕاده‌ستی سه‌رۆكی ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقی فیدرال کرد، ڕۆژی 31ـیکانوونی یەکەمی 2013، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی پەسند کرد. ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەکەین بۆ پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیەی هەرێمی کوردستان و چاومان لەوەیە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بە زووترین کات ئەو پڕۆژە یاسایە پەسند بکات.

داوا لە سەرجەم فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین هەروەک چۆن رۆڵی نیشتیمانییان بینی لە ناساندنی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید، بەهەمان شێوە لە پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەدا هەمان هەڵوێست دووبارە بکەنەوە و پشتیوانی ئەم داخوازیە رەوایەی خەڵکی هەڵەبجە بن.

 لێرەوە داوا لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەین بێ جیاوازی، شاندی هاوبەش دروست بکەن و وەک یەک تیمی کوردستانی، بۆ زامنکردنی پشتیوانی بۆ یاساکە، لەگەڵ هەموو فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببنەوە.

هەڵەبجەی شەهید بووەتە هێمای قوربانیدان و مافی لەسەر کوردستان و عێراق و هەموو مرۆڤایەتی هەیە، بۆیە هیوادارین ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئاست ئەو متمانەیەدابن کە خەڵکی ئازیزی هەڵەبجە پێیان کردوون و بە دەنگی خۆیان لە دڵخۆشی خەڵکی کوردستان بەگشتی و هەڵەبجەی شەهید بەتایبەتی بەشدار بن.

 

          سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان

 2-1-2014

هەواڵی پەیوەندیدار