بۆ بۆنەكانی سەری ساڵ پۆلیسی هەولێر لە ئامادەباشیدایە

هەولێر-KDP.info/ گوتەبێژی فەرمیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە 25/12/2013وە تا 5/1/2014 هێزەكانیان بە هاوكاریی پۆلیسی هاتوچۆ و زێرەڤانی و ئاسایش، پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان داڕشتووە و هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان لە بۆنەكانی سەری ساڵی زایینیدا كردووە، بۆیە هاووڵاتیان لە بوونی ئاسایش و ئەمنییەتێكی تەواو لە هەولێر و دەوروبەری دڵنیا دەكەنەوە.
رائید كاروان عەبدولكەریم ئاشكرای كرد، سەرجەم هێزەكانیان بە هەماهەنگیی پۆلیسی هاتوچۆ و زێرەڤانی و ئاسایش، خستووەتە ئامادەباشییەوە و لە 25/12/2013وە تا 5/1/2014، لە ئامادەباشیدا دەبن بۆ پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی ئەو شوێنانەی كە بە بۆنەی سەری ساڵەوە ئاهەنگیان تێدا ساز دەكرێت.
رائید كاروان هەروەها ڕوونیشی كردەوە، جگە لە پاراستنی ئەمنییەتی ئەو شوێنانەی كە ئاهەنگیان تێدا بەڕێوە دەچێت، لە ڕێگەی تیمی گەڕۆكەوە سەر و ماڵی هاووڵاتیان لە شەوی سەری ساڵدا دەپارێزرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بە شێوەیەكی بەردەوام مەفرەزەی گەڕۆك بەناو گەڕەك و كۆڵانەكاندا دەسووڕێنەوە.




