نوجێفى: چاكسازى بێ گره‌نتیی یاسایی سه‌رناگرێت

سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایگه‌یاند ده‌بێ چاكسازى ته‌واو له حكومه‌تى عێراقى بكرێت و پێویسته كاتێك دیارى بكرێت بۆ جێبه‌جێ كردنى چاكسازى و یاسایه‌کیش هه‌بێت چاودێریی چاکسازییه‌که بکات.
به‌پێی هه‌واڵێکی ئاژانسى "به‌غداد دوه‌لى" له كۆبوونه‌وه‌ى نێوان ئوسامه نوجێفى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و تۆنى بلنكن ڕاوێژكارى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنى پرۆسه‌ى سیاسى عێراق كراوه‌ته‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كیشدا كه‌له نووسینگه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه ده‌رچووه ئاماژه به‌وه کراوه که سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جه‌ختى له‌سه‌ر چاكسازى راسته‌قینه كردۆته‌وه، به‌و مه‌رجه‌ى گره‌نتیه‌كى یاسایى له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه بده‌رچێت و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و حكومه‌تى عێراقى پابه‌ند بكات به چاره‌سه‌ر كردنى پرسى سیاسى و چاكسازى ته‌واو".
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه كه ده‌بێت كاتێكى دیارى كرا‌و بۆ جێبه‌جێ كردنى چاكسازییه‌كان هه‌بێت.




