ئەشواق جاف: مالیكی رەزامەندی لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید داوە و لەپەرلەمانیش لۆبی بۆ دروست دەكەین

بهغدا-KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشكرای كرد، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی رەزامەندی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهیدی داوە بەسەرۆك وەزیرانی هەرێم لەسەرەتای ئەم مانگەشەوە لەناو پەرلەمانی عێراق لۆبی بۆ ئەو بابەتە دروست دەكەم دوای گەڕانەوەی لەحكوومەتەوە بۆ پەرلەمان.
ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف بە KDP.infoی راگەیاند: بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەستمكەوتوون سەرۆك وەزیرانی عێراق نوری مالیكی لەگفتوگۆی رۆژی 25ی كانوونی یەكەمی 2013 لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێم نێچرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بەڵێنی ئەوەی داوە بەسەرۆك وەزیرانی هەرێم كەرەزامەندە لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، لەرۆژی 4ی كانوونی دووەمی 2014شدا لەناو پەرلەمانی عێراق لۆبی بۆ ئەو داوایەی هەرێم دروست دەكەم.
ئەوەشی گوت: جگە لەبابەتی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی شەهید، بابەتی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید لەئارادایە كە دوو رەشنووس یەكێكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوی دیكەیان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ئاراستەی حكوومەتی عێراق كراوە بۆ ئەوەی دوای رەزامەندی حكوومەت بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندكردنی.
باسی لەوەش كرد، تائێستا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهیدی بەجینۆساید ناساندووە، بۆ ئاوارەكانی هەڵەبجە دوای ئەوەی لەكەمپە زۆرەملییەكانی ئێراندا مانەوە كارم لەسەر ئەوە كرد مووچەی زیندانی سیاسیی بیانگرێتەوە و بۆ ماوەی 25 ساڵ ئەو مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییە سیاسییەكان وەربگرن، كەهەموو ئەوانە مافێكی زۆر بچووك و سادەن بەرامبەر بەو ستەمەی لەو ناوچەیە كراوە.
رۆژی 4ی حوزەیرانی 2013 حكوومەتی هەرێم، لەگفتوگۆكردن لەسەر كۆنووسی لیژنەی دیراسەكردنی بابەتی بە پارێزگاكردنی هەڵەبجەدا كەبەپێی كۆنووسەكە هەر 4 شارۆچكەی هەڵەبجە، شارەزوور، سەید سادق و پێنجوێن دەخرێنە سەر پارێزگای هەڵەبجە و ناوەندی پارێزگاكەش لە هەڵەبجە دەبێ و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدارڵی بۆ وەربگیرێت و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی پێویست بنرێت.
پەرلەمانی كوردستان لە 1999 بڕیاری ژمارە 14ی تایبەت بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی دەركردووە، قەزای هەڵەبجە دەكەوێتە 83 كیلۆمەتریی باشووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، رووبەرەكەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لەساڵی 1889 كراوەتە قەزا.




