جەهەپە داوای ئاشكرا كردنی بەرپرسانی كۆمەڵكۆژییەكەی رۆبۆسكی دەكا

ئەنقەرە-KDP.info/ پەرلەمانتاری پارتی گەلی كۆماری ( جەهەپە) لەڤەنت گۆك گوتی: ئاشكرا نەكردنی بەرپرسانی كۆمەڵكۆژییەكەی رۆبۆسكی ئەوە دەسەلمێنێ كە بەرپرسانی دەوڵەت تێوەگڵاوی ئەو كۆمەڵكۆژییەن.
لەڤەنت گۆك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی توركیا گوتی: دوو ساڵ بە سەر كۆمەڵكۆژییەكەی رۆبۆسكیدا تێپەڕی كەچی تا ئێستە تەنانەت یەك بەرپرسیاری ئەو كۆمەڵكۆژییە ئاشكرا نەكراوە. حكوومەت هەمیشە هەوڵی لە ناوبردنی بەڵگەكانی ئەو رووداوانەی داوە كە بە جۆرەیەك پەیوەندییان بە حكوومەتەوە هەیە، لە بارەی رۆبۆسكیشەوە لە كاتی ئامادە كردنی راپۆرتی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمان لە سەر ئەو رووداوە شاهێدی ئەو هەڵوێستەی حكوومەت بوونە.
ئەندامانی ئاكەپەی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پەرلەمان ویستیان سەرپۆشێك لە سەر ئەو رووداوە دابنن، بۆیە ئێمە بۆ خۆمان وەكو جەهەپە راپۆرتێكی دیكەمان لە بارەی رۆبۆسكییەوە ئامادە كرد. ئەندامانی ئاكەپە داوای ئەوەیان دەكرد مادەیەك لە سەر ئەو راپۆرتە زیاد بكرێ كە تێیادا بنووسرێ دوو ئەندامی پەكەكە لە نێو ئەو 34 كەسەدا بوون. بەو جۆرە دەیانەویست مەشرووعیەت بەو كۆمەڵكۆژییە بدەن.
گۆك لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی: لە بارەی راپۆرتی فرۆكەبێ فرۆكەوانەكانیشەوە دەیانەویست راپۆرتی ئەندامانی ئاك پارتی بخرێتە بەردەست و ویستیان بە رای گشتی بڵێن ئەوانەی كە مردوونە ئەندامی پەكەكە بوونە.




