دایكی دەكوژێ و بە زەردەخەنەشەوە تاوانەكەی بۆ پۆلیس دەگێڕێتەوە

كالیفۆرنیا - KDP.info/ كوڕێكی تەمەن 17 ساڵ كە یاریزانێكی لێهاتووی یاری بەیسبۆڵەو خوێندكاری قۆناغی ئامادەییە، بەشێوەیەكی دڕندانە دایكی دەكوژێ و تاوانەكەشی بە زەردەخەنەوە بۆ پۆلیس دەگێڕێتەوە.
ئەو كوڕە كە ناوی ولیەم براندۆن ئایدیلۆت-ە لەبەردەم پۆلیسدا دانی بەوەدا نا كە شارۆن هیڵ ئایدیلۆت-ی كوشتووە كە ئێوارەی جەژنی كریسمس لەماڵەكەی خۆی لەشاری گەڵف بریز لەویلایەتی كالیفۆرنیا لەناو گۆماوی خوێندا دۆزرایەوەو چەقۆیەكیش كرابوو بە چاویدا.
سەعات 6ی ئێوارەی رۆژی سێشەممەی رابردوو لەكاتێكدا هاوڕێیەكی ئەو قوربانییە بەمەبەستی بەسەركردنەوە سەردانی دەكات، ئایدیلۆت بەو شێوە مەترسیدارە دۆزرایەوە.
پۆلیس دەڵێت، لەمانگی ئەیلولی رابردووەوە براندۆن و دایكی كێشەیان هەبووە هەربۆیە جارجارە كوڕەكە ماڵەكەی خۆیانی جێهێشتووەو لەماڵی هاوڕێیەكی ماوەتەوە.
براندۆن پاش كوشتنی دایكی، لەماڵی خۆیان هەڵدێ دەچێتە ماڵی ئەو هاوڕێیەی تێیدا ماوەتەوە.
پاش سێ سەعات لەئاشكرابونی ئەو تاوانە جەرگبڕە، پۆلیس چاودێری دەخاتە سەر ماڵی هاوڕێیەی سەردانی كردووەو دواتر دواتر دەستگیری دەكەن.
لەكاتی لێكۆڵینەوەدا تاوانبارەكە بەشێوەیەكی زۆر ئاسایی تاوانەكە دەگێڕێتەوەو تەنانەت زەردەخەنەش دەكات. براندۆن زۆر بە وردەكارییەوە باسی لەوە كردووە كە چۆن بە ئامێری لێدانی تۆپی بەیسبۆڵ لەدایكی داوەو دواتر بەچەقۆی چێشتخانە هێرشیكردووەتە سەرو قوڕگ و چەندین شوێنی تری بڕیوەو پاشانیش چەقۆكەی كردووە بە چاویدا.
بە وتەی پۆلیس ئەم تاوانبارە كاتێك دەستگیركراوە جلوبەرگێكی پاكی لەبەردا بووە بەڵام جێمەچەكی جلوبەرگەكەی پەڵەیەكی وشكبوی خوێنی پێوەبووە.
شارۆن ئایدیلۆت ماوەی 15 ساڵە مامۆستای قۆناغی حەوت و هەشت بووەو وانەی زانستی وتووەتەوە.




