وردهكاریی تهقینهوهكهی دیمهشق و كاریگهرییهكانی

پێش نیوەڕی ڕۆژی چوارشەممە ١٨/٧/٢٠١٢ تەقینەوەیەكی بەهێز باڵەخانەی ئاسایشی نیشتمانیی سووریای لە دیمەشق هەژاند و لە ئەنجامدا وەزیری بەرگریی وڵات داود ڕاجیحە، وەزیری ناوخۆ محەممەد ئیبراهیم شەعار، جێگری وەزیری بەرگری ئاسف شەوكەت و بەرپرسی یەكەی سەرپەرشتیكردنی تەنگژەی ئێستای سووریا حەسەن توركمانی و چەندین بەرپرسی دیكەی سەربازی وڵات كوژراون.
شێوازی ڕوودانی تەقینەوەكە:
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە، تەقینەوەكە لە لایەن پاسەوانێكەوە ئەنجام دراوە.
سەرچاوەیەكی بواری ئەمنی بە "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاند، ئەو كەسەی خۆی تەقاندوەتەوە كەسێكی متمانەپێكراوی خانەوادەی بەشار ئەسەد بووە.
سەرچاوەكە ئەوەیشی ئاشكرا كرد، سەرلەبەیانیی دوێنێ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و بەرپرسانی دیكەی بواری ئاسایش لە بارەگای سەرەكیی "ئاسایشی نیشتمانی"ـی سووریا كۆ بوونەتەوە بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەی ئێستا و لەو كاتەیشدا ئەو پاسەوانە چووەتە ژوورەوە و خۆی تەقاندووەتەوە.
كەناڵی فەرمیی سووریایش بڵاوی كردەوە، وەزیری بەرگریی وڵات داود ڕاجیحە، وەزیری ناوخۆ محەممەد ئیبراهیم شەعار، جێگری وەزیری بەرگری ئاسف شەوكەت و بەرپرسی یەكەی سەرپەرشتیكردنی تەنگژەی ئێستای سووریا حەسەن توركمانی لەو تەقینەوەیەدا كوژراون.
ئاسەف شەوكەت زاوای بەشار ئەسەدی سەرۆكی وڵات بوو و كوژراوەكانی دیكەیش ئەو كەسانە بوون، كە بەشار ئەسەد پشتی پێ دەبەستن بۆ مەبەستی كۆتاییهێنان بەم تەنگژەیەی ئێستای وڵاتەكەی.
ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشیەتد پرێس"ـیش بڵاوی كردەوە، كە دوێنێ چەندین تەقینەوەی دیكە شوێنە جیاوازەكانی دیمەشقیان هەژاندووە، لەوانەیش ڕوودانی 5 تەقینەوە لە نزیك بارەگای یەكەی 4ی سوپای وڵات، كە لە لایەن ماهیر ئەسەدی برای بەشار ئەسەدەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.
سەربازانی جیابووەوە تەقینەوەكانیان ئەنجام داوە
دوو گرووپی چەكدار بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە تەقینەوەكە ڕاگەیاند. گوتەبێژی سەربازانی سوپای سووریای ئازاد قاسم سەعدەدەین ڕایگەیاند: "ئەم تەقینەوەیە سەرەتای ئەو بوركانەیە، كە ماوەیەكی دەربارەی قسە دەكەین".
گرووپی ئیسلامیی "لیوای ئیسلام"ـیش ڕایگەیاند، ئەوان تەقینەوەكەیان ئەنجام داوە، ئەوەیش پاش چەندین هەفتە لە پلان داڕشتن.
گوتەبێژی گرووپەكە ئەبو عەممار ڕایگەیاند "زیاتر لە 1 مانگە پلان بۆ ئەم تەقینەوەیە دادەڕێژین. ستافەكەمان هەڵسا بە دانانی تەقینەوە لە ناو باڵەخانەی ئاسایشی نیشتمانیدا و لە كۆتاییشدا ئەنجاممان دا".
بەردەوامیی شەڕ لە دیمەشق
لە لایەكی دیكەوە چالاكوانان لە دیمەشقەوە ئاماژەیان بەوە كرد، شەڕ و پێكدادان لە نێوان سەربازانی جیابووەوە و سەربازانی سوپای وڵات لە زۆربەی ناوچە سوننی نشینەكاندا چڕ بووەتەوە و سوپای سووریایش دەستی بە بۆردومانێكی زۆر توندی ئەو ناوچانەی كردووە.
چالاكوانان هەروەها دەڵێن: شەڕ و بۆردومانەكە نیگەرانییەكی زۆری لای هاووڵاتییان دروست كردووە و سەدان خانەوادە لە ماڵەكانیان هاتوونەتە دەرەوە و لە سەر شەقامەكانن و نازانن چی بكەن و بەرەو كوێ بڕۆن.
چالاكوانی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتیش فەواز تیلۆ بە ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی ڕاگەیاند، ئەگەر چەك و پێداویستیی دیكە بگاتە دەستی سەربازانی سوپای سووریای ئازاد لە ناو دیمەشقدا، ئەوا شەڕەكە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر پێداویستیان پێنەگات ئەوا ناچارن بكشێنەوە.
تیلۆ ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە چی دیكە دیمەشقیش ئارام نییە، چونكە بۆردومانكردنی گەڕەكە سوننەكان لە لایەن سوپای سووریاوە ئەوەی سەلماند، حكوومەت سیاسەتێكی تائیفی پەیڕەو دەكات و سوننەكانی ئەو شارەیش چیدیكە بێدەنگی هەڵنابژێرن.
پــرۆفــایــل:
- ساڵی 1950 لە خانەوادەیەكی عەلەوی لە شاری "تەرتووس" لەدایك بوو.
خوێندنی یاسای لە زانكۆی دیمەشق تەواو كرد و لە ساڵانی حەفتاكانیشدا پەیوەندیی بە سوپاوە كرد.
- لە ناوەندی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا، لەگەڵ بوشرا خافیزی تەنیا كچی سەرۆكی پێشووی سووریا حافز ئەسەد زەماوەندی كرد.
چەند كەسێك لە ناو ئەندامانی خانەوادەی ئەسەد دژی ئەم زەماوەندە بوون، هەربۆیەیش ئاسەف شەوكەت و بوشرا ڕایان كرد.
- حافز ئەسەد فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ ئاسەف دەركرد و بەو جۆرەیش ناوبراو گەڕایەوە ناو ڕیزەكانی سوپای وڵات و بوشراـیش بووە سكرتێری بەشاری برای.
- لە ساڵی 2005ـدا بووە بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵات و تا ساڵی 2010 لە پۆستەكەی مایەوە.
- لە ساڵی 2010ـدا كرایە جێگری بەرپرسی گشیتی سوپای وڵات و جێگری وەزیری بەرگری.
توێژەرەوان پێیان وایە ئەگەر ناوبراو نەكوژرایە، ئەوا لە ماوەیەكی كورتدا دەبووە وەزیری بەرگری.
- یەكێك بوو لە ڕاوێژكارانی باڵای بواری ئاسایشی بەشار ئەسەد.
- توێژەرەوانی ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان پێیان وایە ناوبراو ڕۆڵێكی كارای گێڕاوە لە داڕشتنی پلانی تیرۆركردنی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری لوبنان ڕەفیق حەریریـدا.
ئامادهكردنی: عهلی حهسهن زهڵمی - سایتی ههولێر




