قایمقامی ھەڵهبجە: نامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی باشە

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم کردووە و تێدا داوای کردووە لەرێوشوێنەکانی پرسی بە پارێزگابوونی ھەڵهبجە ئاگاداری بکەنەوە، لەبەرامبەردا قایمقامی ھەڵهبجە دەڵێت: ئەمە ھەنگاوێکی باشە و پشتگیری لەھەر جۆرە ھەنگاوێک دهکەین بۆ بە پارێزگابوونی ھەڵهبجە بێت.
گۆران ئەدھەم رەحیم قایمقامی ھەڵهبجە بەkdp.infoراگەیاند: ھەموو رێکارە یاسایەکانی بە پارێزگابوونی ھەڵهبجە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواو بووە و لەئێستادا تۆپەکە لەگۆرەپانی حکوومەتی عێراق و پەرلەمانە و پێویستە بڕیاری لەسەر بدەن.
گۆران ئەدھەم رەحیم گوتیشی: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەوڵی جدی داوە بۆ بە پارێزگا بوونی ھەڵهبجە، بەڵام پێویستە وەزیرو پەرلەمانتارە کوردەکان و نوسینگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ھەوڵبدەن، بۆ ئەوەی حکوومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیار لەبارەی بەپارێزگابوونی ھەڵهبجە بدەن.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، کە رۆژی سێ شەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەنامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم، داوایکردووە لە وردەکاری ئەو رێوشوێن و ھەنگاوانە ئاگاداری بکەنەوە ، کە حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ناوەند بەمەبەستی بە پارێزگا بوونی ھەڵهبجە گرتوویانەتە بەر.




