بۆ ئازاد كردنی پەرلەمانتارە گیراوەكانی بەدەپە دەستووری توركیا دەگۆڕدرێـت

ئەنقەرە- KDP.info/ دوای ئازاد كردنی پەرلەمانتاری گیراوی پارتی گەلی كۆماری بە بڕیاری دادگای باڵای توركیا، پرسی ئازاد كردنی پەرلەمانتارە گیراوەكانی بەدەپەش كەوتە رۆژەڤی پەرلەمانی توركیاوە.
لەو بارەیەوە ماڵپەڕی ئیلكەخەبەر بڵاویكردووەتەوە كە دوای ئازاد كردنی پەرلەمانتاری گیراوی جەهەپە، بەدەپە چەندین جار داوای لە دادگای باڵای توركیا كرد تا پەرلەمانتارە گیراوەكانی خۆی ئازاد بكات، بەڵام دادگا ئەو داواكارییەی رەتكردەوە.
لە بارەی پرسی پەرلەمانتارە گیراوەكانی بەدەپەدا سەرۆكی كۆمسیۆنی دەستووری بنەڕەتی توركیا بورهان قوزو رایگەیاندووە كە تاقە رێگای چارەسەر كردنی پرسی پەرلەمانتارە گیراوەكان گۆڕانكاری لە مادەی 83 و بەندی 14 هەمان مادەی دەستووری بنەڕەتی توركیایە كە تایبەتە بە رەوشی پەرلەمانتاران.
بورهان قوزو جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەگەر پارتە سیاسییەكانی نێو پەرلەمان دەیانەوێ ئەو پەرلەمانتارانە ئازاد بكرێن و پرسی لەو چەشنە جارێكی دیكە روو نەدا ئەوا دەبێ دەستووری توركیا بگۆڕدرێت.
قوزو جەختی لەوە كردووەتەوە كە دەبێ هەر چوار پارتی نێو پەرلەمانی توركیا دابنیشن و لە سەر ئەو بابەتە گفتوگۆ بكەن چونكە تاقە رێگای ئازاد كردنی ئەو پەرلەمانتارانە گۆڕانی دەستووری توركیایە.




