هێرشەكان بۆ سەر ئەندامانی هوداپار دەستیان پێكردەوە

شڕنەخ- KDP.info/ هەر چەند ماوەیەك بوو هێرش بۆ سەر بارەگاكان و ماڵی ئەندامانی پارتی دۆزی ئازاد لە باكووری كوردستان راگیرابوون، بەڵام دووبارە رۆژی دووشەممە ئەو هێرشانە دەستیان پێكردەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی حورسەدا بڵاویكردەوە كە هێرشەكانی بۆ سەر بارەگا و ماڵی ئەندامانی هوداپار دەستیان پێكردووەتەوە و شەوی دووشەممە لە شاری سلۆپی بە بۆمبی دەستی هێرش كراوەتە سەر ماڵی یەكێك لە ئەندامانی هوداپار.
شەوی دووشەممە چەند كەسێكی نەناسراو بە بۆمبی دەستی هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی ئەندامی هوداپار لە سلۆپی ساڵح گۆك و چەند بۆمبێکیان خستووەتە نێو ماڵی ساڵح گۆكەوە.
هەر چەند ئەو هێرشە هیچ جۆرە زەرەرێكی گیانی بە دواوە نەبووە بەڵام زەرەرێكی مادی زۆر بە ماڵی ساڵح گۆك كەوتووە.




