٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تانەر یڵدز: هەفتەی داهاتوو نەوتی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەندەری جه‌یهان

سەرچاوە: KDP.info

ئەنقەرە-KDP.info/ وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز گوتی: سەرەتا نەوتی هەرێمی كوردستان گەیشتە ناوچەی سلۆپی. دوای نۆژەن كردنەوە و تاقیكردنەوەی لوولە نەوت بەرەكان لە نێوان سلۆپی و جەیهاندا هەفتەی داهاتوو نەوتی هەرێمی كوردستان دەگاتە بەندەری جەیهان.

تانەر یڵدز لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد سەرەتا كاری نۆژنەن كردنەوە و تاقیكردنەوەی لوولە نەوت بەرەكان تا سلۆپی ئەنجامدرا، دوای ماوەیەك كاری تاقیكردنەوە و نۆژەن كردنەوە گەیشتە بەندەری جەیهان. دوای كۆتایی هاتنی نۆژەن كردنەوە و تاقیكردنەوەی لوولە نەوت بەرەكان دەست بە هەناردە كردنی نەوت دەكرێ.

یڵدز لە بارەی پێشنیارەكانی وەزیری نەوتی عێراق حوسێن شەهرستانیشەوە رایگەیاند ئەو پێشنیارانە پێشنیاری ئیجابین، شەهرستانی دەڵێ هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جیهان لە رێگای توركیاوە بە مانای هەناردە كردنی نەوتی عێراق بۆ جیهان، بۆ ئەو مەبەستە سێ مەرجی حكوومەتی عێراق هەیە كە بریتین لە دەستنیشانكردنی رێژەی هەناردن، دەستنیشانكردنی ئەو رێژەیە لە لایەن بەغدایەوە و دانی سەدا پێنجی ئەو داهاتە بە نەتەوەیەكگرتووەكان وەكو قەرەبووی جەنگ. ئەگەر ئەو مەرجانە كە مەرجی باشن لە نێو ئەو رێككەوتناناندا ئاماژەیان پێ بكرێ ئەوا خزمەتی ئاسایی كردنەوەی رەوشی عێراق و بووژاندنەوەی ئابوری عێراق دەكەن.

لە بارەی دەستنیشانكردنی رێژەی وەرگرتنی نەوت وەكو مافی گواستنەوەی نەوتدا یڵدز جەختی لەوە كردەوە، تازە كۆتایی بە تاقیكردنەوەكان هاتووە، لەمەو بەدواوە پرۆسەكانی دیكە دەست پێدەكەن، لە سەرەتاوە ئێمە وەكو توركیا ئاماژەمان بەوە كردبوو كە ئەو پرۆسانە بە هاوبەشی ئەو كەس و لایەنانە ئەنجام دەدرێن كە لە لایەن حكوومەتی ناوەندییەوە دەستنیشان كراون. ئەو نەوتە نەوتی توركیا نییە هی عێراقە بۆیە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو رێژەیە دەبێ نوێنەری عێراقیش بەشداری پرۆسەكە بێ.

یڵدز جەختی لەوە كردەوە حەفتەی داهاتوو دەست بە هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەكرێ.

هەواڵی پەیوەندیدار