بەهۆی ناڕەزایی و خۆپـیشـاندان ژیانی ئاسایی لە بانكۆكی پایتەختی تایلاند دەوەستێت

تایلەند - KDP.info/ دەیان هەزار خۆپـیشـاندەر ڕۆژی یەكشەممە كە بوونە مایەی ڕاگرتنی ژیانی ئاسایی لە ناوەندی بانكۆكی پایتەختی تایلاند، داوای چاكسـازی سیاسی و دەست لەكاركێشـانەوەی سەرۆك وەزیر خانم ینگلوك شیناواترایان كرد و هەروەها دواخسـتنی هەڵبژاردنەكانی بڕیارە لە مانگی دوو سـازبكرێن.
خۆپـیشـاندەران بۆ چەندان هەفتەیە داوا لە خانم ینگلوك دەكەن بەر لە 2 ی مانگی دوو دەسـتبەرداری پـۆستەكەی بـبێت.
بەپێی هەوالێكی (VOA) خانم ینگلوك دەڵێت پاش هەڵبژاردنەكان ئەنجومەنێـك پـێـكدەهێنرێت بۆ ئەنجامدانی چاكسـازی لە وڵاتەكەدا، بەڵام خۆپـیشـاندەران دەڵێن دەبێت چاكسـازیـیەكان بەر لە هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێن.
ڕۆژی شەممە پارتی دیموكرات كە پارتی سەرەكی ئۆپـۆزسیۆنه، بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی دا تاوەكو ئەو دەمەی چاكسـازیـیەكان دەكرێن.
خانم ینگلوك لە 9 ی مانگی دوازدەوە پەرلەمانی هەڵوشـاندەوە و بڕیاری دا خۆی وەك سەرۆك وەزیرێـكی كاتی لە پـۆستەكەیدا بمێنێتەوە هەتا هەڵبژاردنی نوێ دەكرێت و خەڵـكی تایلاند بڕیاری خۆیان دەدەن، بەڵام ئۆپـۆزسیۆن هەر لەسەر داواكەی سوورە.




