٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پ.د.ک و ی.ن.ک

سەرچاوە: KDP.info

بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام درا و ئەم تەوەر و بابەتانە گفتوگۆ کران.

تەوەری یەکەم:

  جموجۆڵی سەربازیی حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراقی لە ناوچە دابڕێندراوەکان و شاڵاوی دەرکردنی کورد لە چەند شوێنێکی پارێزگای دیالە و چەند شوێنێکی تر و هێنانەوەی ئەو عارەبە هاوردانەی کە پێشووتر ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسەتی تەعریب هێنابووبی.

ماوەیەکە حکوومەتی فیدڕاڵ بە شێوەیەکی ڕێکخستوو جموجۆڵێکی بەرچاوی لەو ناوچآنە دەست پێ کردووە، هەر لە سنووری مەندەلییەوە تا شەنگال، لە بەهێزکردنی یەکە سەربازییەکان و هێنانی یەکەی نوێ، کە ئەم پرۆسەیە دوورە لە ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتننامانەی پێشوو کە لە نێواندا هەبووە.

بۆ ئەم بابەتە کۆبوونەوە داوا لە حکوومەتی هەرێم دەکات ڕێ و شوێنی پێویست بگرنە پێش بۆ پاراستنی ئاسایشی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و هاوکاری و پشتگیری بۆ ئاوەدان کردنەوە و گەڕانەوەی دانیشتوانەکەی ئەنجام بدات.

هەروەها ئەوجۆرە ڕەفتارانە دوورن لە پرەنسیپی شەراکەت و دوور ڕاگرتنی سوپا لە کێسە و گرفتەکانی ناوخۆیی کە بەڕوونی لە دەستووری هەمیشەیی ئاماژەی پێ کراوە و ئەرکی سوپا پاراستنی سنوورەکانە نەک تێوەگلانی لە کێشە ناوخۆییەکان.

تەوەری دووەم:

سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی کوردستان و پەیوەندییە دوووقۆڵییەکان و رێککەوتنی ستراتیژی، گفتوگۆی تێروتەسەل کرا و تەئکید لە یەکڕیزیی ناو ماڵی کورد کرایەوە لە گەڵ هەموو لایەنەکاندا، چ ئەوانەی بەشدارن لە حکوومەت یان ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن و ئەم ئەرکە ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوایەتیی قۆناخەکەیە و پێکەوەبوون و تەبایی خواست و ویستی جەماوەری کوردستانە و مایەی سەرکەوتن و پێشکەوتنی کوردستانە لە هەموو ڕووەکانەوە.

 

تەوەری سێیەم:

بارودۆخی عێراق و پرۆسەی سیاسی

کۆبوونەوە بارودۆخی ئێستای عێراق و پرۆسەی سیاسی هەڵسەنگاند و یەکهەڵوێستیی بەرامبەر بەو ئاڵۆزی و قەیرانەی ئێستای حکوومەتی فیدڕاڵی دووپات کردەوە و هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا پێکەوە بە بەرپرسیار دەزانن لە دۆزینەوەی دەربازبوونی لەم قەیرانە و بەشێوەیەکی ئاشتی و دیموکراسیانە و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. هەر بۆیەش کۆبوونەوە تەئکیدی لە پاراستنی دۆستایەتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەکاتەوە.

لێرەوەش کۆبوونەوە جەختی لە پاراستنی پەیوەندییەکانی کردەوە لەگەڵ تەواوی لایەنەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگەی عێراقی بە هەمو پێکهاتە جیاجیاکانی نەتەوەیی و ئایینی و بە باش زاندرا هەموو لایەک پابەندی دەستوور و ڕێککەوتنەکان بین و ڕێگا نەدرێ ئەو هەڵە و زوڵم و زۆرانە لە دانیشتوانی ناوچە دابڕێندراوەکان دووبارە ببێتەوە ئەمەش ئەرکێکی نەتەوەیی و ئایینیی هەر کەسێکە کە ڕێگا لە دووبارە بوونەوە و دروستبوونی گرفت و نەهامەتییەکان بگرێت.

ئەمەو لە کۆتاییدا کۆبوونەوە بە پێویستی زانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێشکەشکردنی خزمەتگووزارییەکان بە خەڵکی کوردستان، بە ناوچە دابڕێندراوەکانیشەوە، بەردەوام بێت و بەردەوام بێ لە باشتر کردنی باری ژیانی دانیشتوانی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە و گرنگیی تەواو بە بەرزکردنەوەی ژیان و بژێوی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کەمدەرامەتان بە گشتی بدات.

ئەمەو چەند بابەتێکی نێوخۆیی گفتوگۆیان لەسەر کرا. هەروەها بڕیاردرا ئەم کۆبوونەوە هاوبەسانە بەردەوام بن.
 

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان

١٨/٧/٢٠١٢

 

هەواڵی پەیوەندیدار