بە هۆی شەپۆلی سەرماوسۆڵەوە كۆچەرەكانی ناوچەی ماردین رووبەرووی كێشە و گرفت بوونەوە

باتمان-KDP.info/ ژمارەیەك كۆچەری گوندی دەمیربیلەك لە ناوچەی باتمان بە هۆی سەرماو سۆڵەوە رووبەرووی كێشە و گرفت بوونەوە. شەش خانەوادە لەو كۆچەرانە مەڕ و مەڵاتی خۆیان بە زۆر لە سەرما رزگار كردووە.
شەش كۆچەری ناوچەی هەكاری و شڕنەخ بە هۆی دەستپێكردنی سەرماوە لە كوێستانەكانی بەرچەلان لە هەكاری باریان كردووە و لە گوندی دەمیربیلەك لە باتمان بەجێبوون.
ماوەی 15 رۆژە ئەو شەش خانەوادە لەو گوندە نیشتەجێن، بەڵام بە هۆی دەستپێكردنی سەرماوسۆڵە و بارینی بەفرەوە رووبەرووی كێشە و گرفت بوونەوە. مەڕومەڵاتی خۆیان بە زۆر لە سەرما رزگار كردووە.
لەو بارەیەوە كەرەم كاپتانی خاوەن مەڕو مەڵات گوتی: بۆ ئەوەی مەڕومەڵاتەكانمان لە سەرما و سۆڵە رزگار بكەین ناچارین بەفر بتاوێنینەوە و ئاویان پێ بدەین. ئاومان نییە، بە هۆی بارینی بەفرەوە رێگاكان داخراون. دبێ تا چوار مانگ لێرە بین. كەس لێمان ناپرسێتەوە. بە خێوكردنی مەڕومەڵاتەكانمان زۆر زەحمەت بووە.
هاوسەری كەرەم كاپتان، غەزال كاپتانیش ئاماژە بەوە دەكا بێجگە لە كێشەی بەخێوكردنی مەڕومەڵاتەكان، كێشەی سۆتەمەنییان هەیە.
خەلیل كاپتان بە زمانی كوردی دەڵێ: رێگاكان داخراوان، كەس لێمان ناپرسێ. ژیان زۆر زەحمەتە.




