سوریا: بۆ بەشداری لە کۆنگرەی جنێف ٢ ئەمریکا دژی بەشداری ئێرانە

جنێڤ –KDP.info/ نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمكاری عەرەبی بۆ كاروباری سوریا لیستی لایەنە بەشدارەكانی کۆنگرەی (جنێڤ 2)ی ئاشكراكرد و ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا بڕیاری بەشداری ئێران یەکلایی نەبۆەتەوە. ئەخزەر ئیبراهیمی، نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان و كۆمكاری عەرەبی بۆ كاروباری سوریا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لیستی وڵات و رێكخراوانی نێودەوڵەتی كە بەشداری کۆنگرەی (جنێڤ 2) ی لەبارەی سوریاوە ئاشکرا کردو رایگەیاند: لە بارەی بەشداربوان تەنیا بڕیاری ئێران نەدراوە، وەكو نەتەوەیەكگرتوەكان خوازیارین ئێران بەشداربێی، بەڵام ئەمەریكامان رازی نەكردوە بۆ بەشداربونی ئێران. كۆبونەوەكانمان لەمبارەیەوە بەردەوام دەبێت. ئەخزەر ئیبراهیمی لە لێدوانەکەیدا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردوەتەوە، ئاشكراشیكرد، جگە لە نەتەوەیەكگرتوەكان، گروپی وڵاتانی 1+5كە لە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا پێكدێ، كۆمكاری عەرەبی، رێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی، جەزائیر، بەڕازیل، كەنەدا، دانیمارك، میسر، ئەڵمانیا، هندستان، ئیندۆنیزیا، عێراق، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئوردن، کوەیت، لوبنان، مەغریب، نەرویج، عومان، قەتەر، سعودیە، ئەفریقیای باشور، ئیسپانیا، سوید، سویسرا، توركیا و میرنیشینە عەرەبییەكان بەشداری دەكەن. بڕیارە كۆنفراسەكە 22ی كانوونی دووەم لە شاری مۆنترۆی سویسرا بە بەشداری وڵات و رێكخراوانی داوەتكراو دەبەسترێ و دوای دوو رۆژ لە 24ی ئەو مانگە لە جنێڤ بە بەشداری ئیبراهیمی و لایەنە سوریەكان بەردەوام دەبێت.




