٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پاش 2 رۆژ لەهەڵاتنی، دڕندەكەی ڤالانتاین دەستگیركرایەوە

سەرچاوە: KDP.info

ئیتاڵیا - KDP.info/ دوێنێ هەینی ئەو بكوژە ئیتاڵییەی بە "دڕندەی رۆژی ڤالانتاین" ناسراوە و هەفتەی رابردوو لە زیندانی شاری جینوە لە باكوری وڵاتەكەی هەڵاتبوو، لەناوچەی ریڤیێرا لە باشوری خۆرهەڵاتی فەرەنسا دەستگیركرایەوە.

دڕندەكەی رۆژی ڤالانتاین كە ناوی بارتۆلۆمیۆ گاگلیانۆیە، لە 1980 دوو سۆزانی و كەسێكی تری كوشتووە و كارمەندێكی بواری سێكسیی تری بەسەختی برینداركردووە.

ئەم تاوانبارە رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەزیندان هەڵات، بەڵام پاش ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئیتاڵیا كە بە زۆر مەترسیدار ناویان بردووە، هەڵمەتێكی گەڕانی چڕوپڕیان لەدژی دەستپێكرد، پاش نیوەڕۆی دوێنێ هەینی لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە لە شاری مێنتۆن لە باشوری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە دەستگیركرایەوە.

گاگلیانۆ پاش هەڵاتنی، لە شارۆچكەی ڤێنتیمیگلیا كە شارۆچكەیەكی كەناری ئیتاڵیایە بینراوە و لەوێوە بەڕێگەی خێراو بە ئۆتۆمبێلێكی دزراوەوە خۆی كردووە بەناو فەرەنسادا.

پۆلیس ئۆتۆمبێلكەی بە وەستاوی لە شاری مێنتۆن بینیوە و دواتریش خودی تاوانبارە هەڵاتووەكەیان لە كاتی گەڕانەوەی بۆلای ئۆتۆمبێلەكە دەستگیركردووە.

رۆژی چوارشەممە گاگلیانۆ لەكاتی ئازادكردنێكی كاتیدا كە رێگەی پێدرابوو لەپێناو باشكردنی هەڵسوكەوتی، بۆ ماوەیەكی كورت سەردانی دایكی بكات، هەڵاتبوو.

نازناوی "دڕندەكەی رۆژی ڤالانتاین" لەوەوە هاتووە چونكە یەكێك لەكوژراوەكانی دەستی ئەم پیاوە لە 14-12 بووە كە بە رۆژی ڤالانتاین ناسراوە.

لەلایەن خۆیەوە ئاژانسی ANSAی ئیتاڵیا رایگەیاند، گاگلیانۆ جگە لەكوشتن بەچەندین تاوانی تری وەك دزی، هەبوونی ماددەی هۆشبەر و چەك، دەستدرێژی و لاقەكردن ئیدانەكراوە.

ئەمە یەكەمین جار نییە گاگلیانۆ لە زیندان رابكات، پێشتریش و بەدیاریكراوی لەساڵی 1990 لەنەخۆشخانەیەكی دەروونی لە باكوری وڵاتەكەی هەڵاتبوو و مانگێك دوای ئەوەش گوللـەیەكی نا بە چەناكەی كەپڵەكەیە و رایكردا.

هەواڵی پەیوەندیدار