توركیا یەكەمین وڵاتی سانسۆڕی دیجیتاڵییە

نیۆیۆرک- KDP.info/ كۆمپانیای گوگڵە راپۆرتی شەفافیەتی ساڵی 2013ی خۆی بڵاوكردەوە و ئاماری داواكارییەكانی سانسۆر كردنی ئینتێرنێتی وڵاتانی جیهانی خستە روو.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیموكرات خەبەر بڵاوكردەوە كە كۆمپانیای گۆگڵە، راپۆرتی شەفافیەتی خۆی بۆ ساڵی 2013 بڵاوكردە و لەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە داوای سانسۆركردنی ئینتێڕنێتی لە سەرانسەری جیهان بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی 2012دا سەدا 68 زیاتر بووە.
لە بەشێكی دیكەی ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ساڵی 2013 بە گشتی 3 هەزار و 846 داواكاری بۆ سانسۆر كردن لەلایەن وڵاتانی جیهانەوەی پێشكەشی كۆمپانیای گۆگڵە كراون.
لە بارەی توركیاوە كۆمیتەی شەفافیەتی گۆگڵە لە راپۆرتەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ساڵی 2013 توركیا یەكەمین وڵات بووە كە زۆرترین داواكاری بۆ سانسۆر كردنی پێشكەشی كۆمپانیای گۆگڵە كردووە. دوەمین وڵات كە زۆرترین داوای سانسۆر كردنی ئاراستەی كۆمپانیاكە كردووە روسیایە.




