ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە: ئهگهر ناچار بین هاوشێوەی گرێبەستەکانی نەوت لەوانەیە گرێبەستی چەک کڕینیش مۆر بکەین

جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند ئەگەر ئاڵۆزییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بە شێوەی ئێستا بەردەوام بێت و بەغدا بەردەوام بێت لەپشتگوێ خستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەڕووی دابین کردنی چەک و پێداویستی سەربازییەوە ئەو کاتە حکومەتی هەرێم مافی خۆیەتی بەدوای سەرچاوەی تر بگەرێت بۆ پڕ چەککردن و مەشق پێککردنی هێزی پێشمەرگە هاوشێوەی ناچار بوونمان لەمۆرکردنی گرێبەستەکانی نەوت کاتێک حکومەتی بەغدا هەڕەشەی برینی بوججەمان لێ دەکات.
یاوەر لەدیمانەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوسط" ئاماژەی بەوە کردووه کە بەرپرسانی عێراقی هەمیشە باسی ئەوە دهەکەن کە کوردستان بەشێکە لەعێراق و کوردیش بەشدارە لەبڕیاری سیاسی عێراقدا ئەگەر وابێت هێزی پێشمەرگەی کوردستان مافی پڕ چەککردنی هەیە لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە، کەچی حکومەتی عێراق بەردەوامە لەپڕ چەککردنی هێزەکانی ئەمن و پۆلیس بە چەکی کلاشنکۆف تا دەگاتە فرۆکەی ئێف 16 بێ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەو مافەی هەبێت.
هەروەها یاوەر روونی کردەوە کەئەوان لەهێزی پێشمەرگەی کوردستان هەمیشە دووپاتی ئەوەیان کردۆتەوە کەئەوان بەشێکن لەسوپای عێراق بۆیە دەبێت مافی بەعێراقی بوونیان هەبێت و هەمان مافیان هەبێت کەهێزەکانی عێراقی هەیانە و ئێمە پێشمەرگە پڕچەک ناکەین دژی عێراق یان دراوسێکانی عێراق بەڵکو بۆ پاراستنی سنوری عێراقە بەپێچەوانەشەوە ئەگەر نەتوانین بەرگری لەعێراق بکەین ئەوا عێراق دوچاری مەترسی دەبێت.
لەدرێژەی قسەکانیدا یاوەر ئاماژەی بەوە کرد کەجموجۆڵی سوپای عێراق لەناوچە دابڕاوهکاندا زۆر جار نزیک بووە لەدروست کردنی شەڕێکی مەترسیدار بەتایبەتی ئەو کاتەی حکومەتی عێراق تیپی تۆپبخانەی 122 ملیمی هێنابووە ئهو ناوچانە.
یاوهر گوتوویهتی: ئەگەر لەمەودوا ململانێی نێوان بەغدا و هەولێر بەوشێوەیەی ئێستا لەململانێی سیاسییەوە روو لەململانێی سەربازی بکات ئەوا زیانێکی گەورە بەر عێراق و پرۆسەی نیشتیمانی دەکەوێت. حەزیش ناکەین ڕهوشهکه بگاتە ئەو ئاستە، بەپێچەوانەشەوە ناچار دەبین بەدوای رێگا چارەی تر بگەرێین بۆ پڕچەککردنی هێزەکانمان ئەگەر هەڵبژاردنەکەشمان تاڵ بێت.




