نزیکه‌ی 30 گه‌نجی کورد کە به ناوی جیهاده‌وه له سوریابوون، گه‌ڕاونه‌ته‌وه هەرێمی کوردستان

هەولێر –KDP.info / وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند، ئێستە زیاتر له 100 گه‌نجی هه‌رێمی کوردستان بۆ شه‌ڕکردن به ناوی جیهاده‌وه چوونه‌ته سوریا و هه‌ر مه‌لایه‌کیش هانی رۆیشتنی گه‌نجان بدات سزاده‌درێت. مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی له لێدوانێکدا بۆ KDP.infoرایگه‌یاندوه: ئه‌و گه‌نجانه‌ی له سوریا ده‌گه‌ڕێنه‌وه زیاترن له‌وانه‌ی ده‌چن، ئه‌گه‌رچی هێشتا زیاتر له 100گه‌نجی کورد به ناوی جیهاده‌وه له سوریان و شه‌ڕ ده‌که‌ن، به‌ڵام نزیکه‌ی 30 گه‌نجی دیکه گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌رێمی کوردستان. راشیگه‌یاند: ئه‌و گه‌نجانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ته‌مه‌نییان له‌نێوان (16بۆ 25) ساڵیدایه‌و داوایان کردوه، له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌دا وه‌ک ئه‌ندامی رێکخراوه چه‌کداره توندڕه‌وه‌کان هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا نه‌کرێت. نه‌قشبه‌ندی باسی له‌وه‌ش کرد، لێکۆڵینه‌وه به‌رده‌وامه له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی له هه‌رێمی کوردستانه‌وه به ناوی جیهادکردنه‌وه ده‌چنه وڵاتی سوریا، به‌ڵام هێشتا روون نه‌بۆته‌وه هیچ مامۆستایه‌کی ئایینی رۆڵی هه‌بووبێت له ناردن یان هاندانی گه‌نجانی هه‌رێم بۆ سوریا. به گووته‌ی نه‌قشبه‌ندی، وه‌زاره‌ته‌که‌ی بڕیاری داوه هه‌ر مامۆستایه‌کی ئایینی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر یه‌کلایی ببێته‌وه، گه‌نجان هانده‌دات بڕۆن بۆ وڵاتی سوریا، ئه‌وا ئه‌و مامۆستا ئایینیه راده‌ستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌کرێت بۆ لێپرسینه‌وه. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "به‌ڵام هه‌ر ده‌زگایه‌کی ڕاگه‌یاندن به بێ به‌ڵگه مامۆستایانی ئایینی تۆمه‌تبار بکات به‌وه‌ی، هانی گه‌نجان ده‌ده‌ن بچنه سوریا، ئه‌وا سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌که‌ن. زیاتر له دوو ساڵه شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌کانی سوریا به‌رده‌وامه و به‌و هۆیه‌شه‌وه تا ئێستا سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی ئه‌و وڵاته ئاواره بوون و ده‌یان هه‌زاریش کوژراون، به‌شێک له گه‌نجانی هه‌رێمی کوردستانیش به ناوی "جیهاد"ه‌وه چوونه‌ته ئه‌و وڵاته و به پێی ئاماره‌کانیش تا ئێستا 9 گه‌نجی هه‌رێم له‌و ململانێیه‌دا کوژراون.




