٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: ناوهێنانی پێشمەرگە بەمیلیشیا بۆ شاردنەوەی دۆخی خراپی ئەمنیی دووزخورماتووە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info/ نوێنەرێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ناوهێنانی پێشمەرگە بەملیشیا لەدۆسیەی ئەمنی دووزخورماتوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چەند لایەنێك شكستیان هێناوە لەبواری خزمەتگوزاری و ئەمنیدا و دەیانەوێ ئەو تاوانە بخەنە ئەستۆی پێشمەرگە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە KDP.infoی راگەیاند: لەكۆبوونەوەی رۆژی 19ی كانوونی یەكەمدا لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناو هێنانی هێزی پێشمەرگە بەملیشیا لەدۆسیەی ئەمنی دووزخورماتوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چەند لایەنێك شكستی ئەمنی و خزمەتگوزاریان هێناوە بەرامبەر بەدانیشتوانی عێراق تا ئەو تاوانە بخەنە ئەستۆی پێشمەرگە، كەهەر پێشمەرگەیە بینای پەرلەمان دەپارێزێ.

ئەوەشی گوت: هێزی پێشمەرگە هێزێكی نیزامییە و هاوپەیمانی هێزەكانی ناتۆ مەشق و راهێنانیان پێكردووە بۆیە لەلای ئێمە پێشمەرگە هێڵی سوورە و رازی نابین بەهیچ شێوەیەك بێ رێزی و پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژ بكرێ، دۆسیەی ئەمنی دووزخورماتوو پەیوەندی بەدۆسیەی ئەمنییەوە هەیە بەڵام چەند لایەنێكی ناو پەرلەمان دەیانویست دۆسیەكە بەرن بەئاقارێكی سیاسیدا.

رونیشیكردەوە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بەتوندی وەڵامی ئەندامێكی لیستی عێراقییە سەر بەپارێزگای سەڵاحەدینم دایەوە بۆ ئەوەی بەهیچ شێوەیەك هیچ پەرلەمانتارێكی دیكە نەتوانێ بەرامبەر بەپێشمەرگە بێ رێزی بكات و بەمیلیشیا ناوی بهێنێ، كەزۆر پێم سەیرە ژیانی خۆی لەناو پەرلەماندا لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرێ بەپێشمەرگە بڵێ میلیشیا، نەك ئەوە بەڵكو داواكار بوو كەپێشمەرگە لەدووزخورماتوو دەربچێ!

جگە لەهەوڵی پەردەپۆش كردنی شكستی خزمەتگوزاری و ئەمنی عێراق دەیانەوێ بەمیلیشیا ناوهێنانی پێشمەرگە كار لەسەر پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بكەن بەو هۆیەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی داهاتووی عێراق نزیكبووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار